مەلایەک هەبوو لە سولەیمانی، بەڕەحمەت بێ...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  742 بینین

مەلایەک هەبوو لە سولەیمانی - بەڕەحمەت بێ - بزەنیی ئەم مەلایە، ناوبانگی دەرکردبوو، دوژمنی هەبوو، لەگەڵ شتی تریش، هەموو بە دەستیەوە هەراسانیان پێ هەڵگیرابوو! مەلا لەم دوا دوایییەدا چاوەکانی کز ببوو هاتوچۆی لای حەکیمی بۆ ئەکرد، حەکیم ڕۆژێک پێی وت: مەلا تۆزێ خۆت لە ئیشی شەرعی بگرەوە. وتی: حەکیم ئەفەنی ناتوانم. وتی: کە ناتوانی هاتوچۆی لای منیش مەکە، چوونکە تا تۆ ئەوە ئیشت بێ من چاوتم پێ چاک ناکرێتەوە.

چووە لای حەکیمێکی تر، هەموو وایان پێ وت. تەنانەت حەکیمێک پێی وت دە ڕۆژ واز بێنە من چاکت ئەکەمەوە. وتی: ناتوانم. وتی: حەفتەیەک. وتی: ناتوانم. وتی حەکیم ئەفەنی، ئەمانەی پێ ناوێ، یەک ساعەت ناتوانم ئەو ئیشە نەکەم. حەکیم وتی: کە واتە بڕۆ چاوی تۆ بە من چاک ناکرێتەوە. زۆری پێ نەچوو مەلا کوێر بوو. ئینجا ئەیوت: ئۆخەی وا کوێر بووم، ئیتر جارێکی کە پێم ناڵێن گان مەکە!