کابرایەکی کوردی کەمدەست ڕۆژێک میوانێکی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  769 بینین

کابرایەکی کوردی کەمدەست ڕۆژێک میوانێکی هات، ئەویش هەڵسا بە هەر جۆرێ بوو، پەنجاییێک برنج و پەنجاییێک ڕۆنی بە قەرز پەیدا کرد و هێنایەوە دای بە ژنەکەی بۆیان لێبنێ.

ژنە چوو بە جارێ هەموو ڕۆنەکەی کردە پەنجایییە برنجەکە و لێی نا بە چێشت. ئێوارە کە نانی دانا میوانەکە لەبەر شڵپەی ڕۆن دەستی نەگەیشتە برنجەکە، زوو تێری خوارد و چووە دواوە. پاشا کە ڕۆیشت پیاوەکە بە ژنەکەی وت: ئەرێ ژنەکە من بە هەزار ناڵی عەلی پەنجاییێک ڕۆنم قەرز کردبوو، تۆ بۆ چی بەجارێ کردت بە چێشت؟ ژنە وتی: بە خوا مێردەکە بۆ ڕووسووری تۆ وام کرد. کابرا وتی: بە خوا من ئەمویست ڕووڕەشی لای خوایش بوومایە و تۆ ئەو هەموو ڕۆنەت بەفیڕۆ نەدایە!