کابرایەکی کورد مایینێکی زۆر چاکی هەبوو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  760 بینین

کابرایەکی کورد مایینێکی زۆر چاکی هەبوو، کابرا خۆی چووبوو بۆ کاروان، شەوێ دز هاتنە سەر ماڵەکەی بۆ مایینەکە، کەسیشی لە ماڵەوە نەبوو، تەنها ژنەکەی نەبێ. ژن هەستی کرد وا دز دەورەی ماڵەکەیان داوە، ڕووی کردە مایینەکە و پێی وت:

مایینە کەوەی یەلخوزە
قەزات بکەوێ لەم کوزە
ئیمشەو نەتبا ئەو دزە!

دز مایینیان برد. کابرا هاتەوە سەیری کرد مایین نەماوە، لە ژنەکەی پرسی ئەویش پێی وت: دز هاتن و بردیان، بەڵام ئەتوانی بیدۆزیتەوە. وتی: چۆن؟ وتی: بە پەستەیەکی وام وتووە بە مایینەکەدا، هەستە بڕۆ بزانە لە چ شوێنێک ئەم پەستەیەیان وت ئەوە لەوێیە.

کابرا چوو، لەپاش گەڕانێکی زۆر، ڕێی کەوتە گوندێک، سەیری کرد منداڵان ئەو پەستەیە ئەڵێن. لە منداڵێکی پرسی: ئەمە لە کوێ فێر بووە؟ ئەویش وتی: فڵانە ماڵ چووبوون بۆ دزیی مایینێکیان هێنابۆوە، کە هاتنەوە ئەم پەستەشیان لەگەڵ خۆیان هێنابوو. ماڵەکەی لێ پرسی، ئەویش پیشانی دا، کە چووە ژۆورەوە مایینەکەی بەرچاو کەوت، ڕاست نەوی لە جڵەوەکەی کێشایە دەرەوە و هێنایەوە.