کابرایەکی بامۆکی چووبووە ئەو وڵاتی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  836 بینین

کابرایەکی «بامۆک»ی چووبووە ئەو وڵاتی ئایەنە و ئەستەمبوڵە، ڕۆژێک سەیری کرد وا کابرایەک لە بازاڕدا سندووقێکی لەبەر دەمایە و پڕیەتی لە قوتووی شووشەی سەرداگیراو. بانگ ئەکا: «های دەرمانی کێچ! دەرمانی هۆڕە! دەرمانی تەپە! دەرمانی مێروولە!» ئەو سەردەمەش خۆت ئەیزانی کێچ و جڕوجانەوەری شارەزوور و هەڵەبجە گای ئەخستە هەلەکەسەما. کابرا وتی: کەسابەت لەمە چاکتر نابێ، لەم سندووقە دەرمانە ئەکڕم و ئەیبەمەوە لە وڵاتی خۆمان ئەیفرۆشم، ئەوەندە دەوڵەمەند ئەبم، پێی ئەبم بە «حەماغای کۆیە». دەرمانی کڕی و بەرەو دوا بووەوە بۆ وڵات.

ڕۆژێک لە ناو شاری هەڵەبجە: «های دەرمانی کێچ»ی ئەکرد، کابرایەکی شارەزووری کە لە دەست کێچ ماڵی بەجێ هێشتبوو، هەڵاتبوو، گوێی لەم بانگە بوو، وتی: قەت لەمە چاتر ئەبێ؟ ئێستە شووشەیەکی لێ ئەکڕم و ئەیبەمەوە، ئیتر لە دەست کێچ ڕزگارم ئەبێ.

چوو شووشەیەکی لێ کڕی و بردییەوە. ئەو شەوە دار و دیواری خانووەکەی و هەموو نوێنی ماڵەکەی بە دەرمان دەرماناشی کرد و لێی ڕاکشا. زۆری پێ نەچوو سەیری کرد کێچ لە شەوان گەلێ زۆرترە! ئەو شەوە خەوی لێ نەکەوت، بەیانی زوو چووەوە بۆ هەڵەبجە و بەرۆکی کابرای گرت و وتی: خوا بتگرێ، تۆ دەستی ئەو عالەمە بۆچ ئەبڕی؟ ئەم دەرمانەی تۆ کەی دەرمانی کێچە؟ خۆ من هەموو ژوورەکەم بەم دەرمانەی تۆ هەنوو، کەچی هیچ کەڵکی نەبوو!

کابرای خاوەن دەرمان وتی: «نابێ چووبێتی دەرمانەکەت بژاندبێ بە ناو نوێنەکانا و بە ژوورەکەدا»؟ وتی: بەڵێ وام کردووە. وتی: باوکم وا نابێ! وتی: ئەی چۆن؟ وتی: «ئەبێ بێنی یەکە یەکە کێچەکان بگری و دەرمانەکە بکەیتە چاویانەوە، بۆ ئەوەی کوێر ببن. بەو جۆرە کە تۆ کردووتە شێتیش وا ناکا؛ تۆ کە نازانی خۆت ئیش بکەی، بۆچ دەرمانی خەڵک ئەشکێنی!». کابرا وتی: «بێژم چی برا! خوا ڕووی کێچ ڕەش کا وا گوێم لە قسەی وا بێ!».