قسە دێ قسە ئەبڕێ منیش شتێکی وەکوو ئەمەم...
قسە دێ قسە ئەبڕێ! منیش شتێکی وەکوو ئەمەم دی، بەڵام قسەی هیچ نەکەی، وەڵڵا و بیللا هیچیان لێ نەکردم:
زۆر دەمێکە، لە باوکم تۆرابووم و ڕووم کردبووە ماڵی خاڵۆوان. بڵێن ئەو وەختە دوو جۆرە خوێندنیان پێ ئەخوێندم: یەکێ خوێندنی مەکتەب، کە لە پۆلی دووی سەرەتایی بووم؛ بە دەمییەوە خوێندنی عەرەبیشیان پێ ئەخوێندم، دەستیان پێ کردبووم بە «عواملی جرجانی» - کە ئەمە بە ڕەوشتی کوردەواری لە سەرەتاوە ئەخوێنرێ.
باوکم کابرایەکی ناردبوو بە شوێنما «شامار»ی ناو بوو، پیاوێکی کورتەباڵای پیری چاوکزی خڕە بوو، ئەتوت تۆپە. ئەگەر ماوە یادی بە خێر، ئەگەر مردووە بە ڕەحمەت بێ! منیش کەوا و سەڵتەم لەبەرا بوو، جامەدانەیەکم بە سەرەوە بوو، وەکوو فەقێ وا بووم. لەگەڵ خاڵە شامار لەو پێ بناری «شاهۆ»وە شەوێک ڕێمان کەوتە هۆبەیەکی گەورە و لەوێدا دەوارێکی هەژدە هەستوونی هەڵ درابوو، چووینە ئەوێ.
بە تەواوی لە بیرم نییە، ئەو ڕەشماڵە گەورەیە یا هی حەبیبەڵڵا خانی باوەجانی بوو یا هی خزمێکی ئەو بوو، بەڵام ئەوە ئەزانم میرزایەکی ڕیش سپیی باڵابەرزی هەبوو، میرزا ڕەشیدی ناو بوو. شەوێ دیوەخانی جمەی ئەهات؛ خان خۆی و میرزا ڕەشید و گەلێ لە پیاوماقووڵی باوەجانی بە جل و بەرگێکی بە پەرداخی کوردی و هەموو بە ستارخانی فیشەکەوە لە ژێر دەوارا دانیشتبوون. ئێمەشیان لەو سەرەوە دانابوو، خوێندەواریش هەر میرزا ڕەشید لەوێدا هەبوو.
خاڵە شامار یا لەبەر ئەوە سەر و گوێلاکی سوفییانە هەڵ کەوتبوو و یا لەبەر ئەوە کە مەبەستێکی هەبوو، کاتێ کە هاتین بۆ نوێژی شێوان لە ڕێگەدا پێی وتم: کە چووینەوە، لە دیوەخانەکەدا «حزب»ێ قورئان بخوێنە. وتم: خاڵە شامار قورئان نازانم. خاڵە شامار بوو بە فیشەکە شێتە و چوو بە عاسمانا! وتی: «جەنابت لە لایەکەوە مەکتەبیت و لە لایەکەوە فەقێیت، چۆن قورئان نازانی؟!» وتم: خاڵە شامار پیاوی چاک بە، قورئان خوێندن ئەبێ پیاوی حافز بیخوێنێ کە هەموو قورئانی لەبەرە، من لە ناو قورئانەکەشا، بە ڕەشخوێنیش هەر نازانم بیخوێنم؛ ئێستە ئەم شەڕە چییە تۆ لە منت ئاڵاندووە.
من زۆرم وت و خاڵە شامار کەمی بیست، لە بیرمە زللەیەکیشی لێ دام! چارناچار وتم: باشە. لە سوورەتە وردەڵەکان دوان، سیانێکم لەبەر بوو، وتم: لەوانە ئەخوێنم. وتی: لەوانە نابێ، ئەبێ لە قورئانی سەرەوە بخوێنی! قوڕئانیشمان پێ نییە. بە ڕاستی فڵانی لە دەست خاڵە شامارەوە کەوتمە ڕۆژێکی زۆر ڕەشەوە! کە چووینەوە دیوەخان ئەوا سەیر ئەکەم پەیتاپەیتا لە ژێرەوە دەستم تێوە ئەژەنێ و ئەڵێ دەی! یا ڕەبی خوایە چ بکەم، دیوەخانەکەش هەر زۆر پڕە، نە هیچ ئەزانم و نە لە ڕوویشم هەڵ دێ؛ وا ئەویش دنیای لێ کردووم بە چەرمی چۆلەکە! ئەو هەموو کوتەکی دەستی ئەوە بوو، ئەیوت: تۆ دەنگت خۆشە، ئەبێ قورئانیش بزانی! کوڕە بابە ئەمە شەرت نییە هەرکەس دەنگی خۆش بوو ئەبێ قورئانیش بزانێ، ئەیوت: نابێ، ئەبێ بزانی. جا وەرە تێی بگەیەنە! خوا ئەیزانی لە ترسا و لە شەرما ئەو دوو سێ سوورەتە وردەڵەشم کە لەبەر بوو، ئەویشم لە فیکر چووەوە! لەگەڵ ئەوەدا ئەگەر ئەوەشم بخوێندایە خاڵە شامار ئەوەشی قەبووڵ نەئەکرد و ئەیزانی، چونکە ئەویش ئەوانەی لەبەر بوو.
منیش ئێجگار ترسی میرزا ڕەشیدم لێ نیشتبوو، خوێندەوار تەنها ئەو لە دیوەخانەکەدا هەبوو، ئەگینە ئەمتوانی دەورێ «عوامل»ەکە بکەمەوە، لەوانی بکەم بە قورئان. دیار بوو خاڵە شاماریش عەواملی نەئەزانی، بەڵام میرزا ڕەشید هیچ نەبێ ئەیزانی ئەمە قورئان نییە.
کوتەک لە بەهەشتەوە هاتووە! خاڵە شامار تەنگی پێ هەڵ چنیم. بە دەنگی بەرز «اعوذ بالله من الشیطان الرجیم. بسم الله الرحمن الرحیمعەرەبی»ێکم بۆ کرد - ئەوەندەم لەبەر بوو - پاش ئەوە پیا هاتم تۆزێ ڕووم کرایەوە، ئەوەی خوا نەیوتبوو، ئەوەم وت! بە دەنگی بەرز و بە مەقام دەستم پێ کرد. ئێستە ئەزانم کە ئەو وەختە ئەمزانی «نذیرا، بشیرا، بصیراعەرەبی» هەیە لە قورئانا، بەڵام من نەئەکەوتەوە فیکرم! چەند شتێکم ئەوت، کە خۆیشم نەمئەزانی چی ئەڵێم و ئاخرەکەیم ئەهێنایەوە بە شتێکی وەکوو «شتیرا». دوو، سێ شتی ترم ئەوت و ئەمبردەوە سەر «شلێرا».
ئێجگار کە سەیرم ئەکرد خەڵکەکە هەموو سەری بۆ ئەلەقێنن و پێیان خۆشە، بە تایبەتی «میرزا ڕەشید» ئاگام لێ بوو ئاو بە چاویا ئەهاتە خوارەوە، ئیتر بە تەواوی منیش گەرم بووم! خاڵە شاماری لای خۆشم، لەگەڵ سەر لەقاندن و فرمێسکەکەیا، جارجار لە ناکاو «هوو»یەکیشی بۆ ئەکرد. ئیتر نازانم یادی شێخی ئەکرد، یا قورئانەکەی من کاری تێ کردبوو؟! بەڵام لە ڕاستیشا دەنگم خۆش بوو. بەم جۆرە بە «شتیرا، شلێرا، دلێرا، سپێرا، کولێرا و هتد» قورئانم هەمووی بە «ڕ»ی قپەڵە دوایی هێنا و ئێستە و ئەوسا، کەس نەیزانی کە ئەمە قورئان نییە، کەسەکەش هەر میرزا ڕەشید بوو، چونکە ئەو خوێندبووی، ئەوانی تر هیچ. میرزا ڕەشیدیش لە هەموویان زیاتر چووبووە دڵییەوە، کە قورئانێکی ڕەوان و بە تجویدم خوێندووە!
ئەو شەوە خزمەتێکی زۆر زۆریان کردین. بەیانیش خان، ئەسپێک و زەلامێکی پێ داین کە من ئەو ڕۆژە تا کوێ بڕ ئەکەین بە سواری بڕۆم، پاشان پیاوەکە وڵاغەکە بەرێتەوە، لەو قورئان خوێندنەوە، خان وا چووبوومە دڵییەوە کە من بەچکە ئەسحابەیەکم و ئەو شەوە ڕێم کەوتۆتە ئەوێ.
کە تۆزێ لە ڕەشماڵەکان دوور کەوتینەوە خاڵە شاماریش هات، سوار بوو و منی خستە پاشگری خۆی! وتی: «بێئەقڵ من هەر بۆ ئەمەم بوو کە ئەموت قورئان بخوێنە، ئافەرەم! کوڕم ڕووی مامی خۆتت سپی کرد!». منیش ئیتر نەموت ئەوە قورئان نەبوو ئەگینا لەسەر ئەسپەکە ئەیخستمە خوارەوە.