مەلایەک هەبوو گوزەرانی زۆر کز بوو ئەو...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  805 بینین

مەلایەک هەبوو گوزەرانی زۆر کز بوو، ئەو سەردەمەش شیعر باوی هەبوو، هەرکە شیعری بوتایە ئەیبرد بۆ پادشا، پادشایش بەخششێکی باشی ئەدایە. مەلاژن، پێی لێ کرد بە کەوشا، پێی وت: هەستە تۆش شیعر بڵێ و بیبە بۆ پادشا، با بەخششت بداتێ و تۆزێ گوزەرانمان چاک ببێ! هەرچەند مەلا هاواری کرد و فەریادی کرد کە کچێ من لە شیعر نازانم و من لە شیعرم چی؟ کەڵکی نەگرت. بە زۆر هەناردی. مەلا ئەم شیعرانەی دانا:

دارەکەی سەر کەل، پردەکەی قشڵاخ
ئافەرم شارەزوور بۆ پەمووت!
مەسەلەی تەڵاق میجویم زقاق
دووسەد و پەنجا و حەوت مەنەم!

هەستا ڕۆیشت.

پادشا لە حەوشەی بارەگادا لەسەر حەوز و لە ناو چیمەن دانیشتبوو، مەلا خەبەری نارد کە شیعرم بۆ پادشا وتووە! پادشا بانگی کرد و مەلا لەبەر دەمیا شیعری بۆ خوێندەوە. وتی: مەلا ئەمە بوو شیعرەکەت؟ وتی: بەڵێ قوربان. وتی: کەواتە بەخششی ئەم شیعرە جوانەت ئەوەیە بتخەمە ئەو حەوزەوە. ئا کوڕینە بیخەنە ئەو حەوزەوە!

مەلایان هەڵگرت و خستیانە حەوزەکەوە. مێزەرەکەی کەوتە سەر حەوزەکە. لەو وەختەدا تانجییەک لە حەوشەکەدابوو، لەوێوە ڕەت بوو، مێزەرەکەی بە مراوی زانی، بە خوا بازێکی بۆ دا و شڵپ کەوتە حەوزەکەوە.

مەلا چاوی لێ نەبوو، هەر ئەوەندەی ئەزانی کە یەکێکی تریش وا قورت ئەخواتەوە بە ناو ئاوەکەدا و سەر ئەکەوێتەوە. ڕووی تێ کرد وتی: «ئاغا! جەنابیشتان شیعرتان فەرمووە؟»