بەهادینی عاملی یەکێ بوو لە ڕیازیزانە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  787 بینین

«بەهادینی عاملی» یەکێ بوو لە ڕیازیزانە هەرە بەرزەکانی ئیسلام، دانراوەکەی «خلاصە الحساب» لە کتێبە زۆر نایابەکانی حسابە، تەنانەت ئەڵێن حەوت مەسەلەی لە باب جەبرەوە تیایە، ئێستەش هەر نەزانراوە.

ڕۆژێک ئەم بەهادینە لە گەشتەکەیا ڕێی ئەکەوێتە شوێنێک «ئاخون» ێکی مێزەرە زلی ڕیش گەورە دە پانزە بیست فەقێ بە دەوریا دانیشتوون دەرسی «خلاصە الحساب»یان پێ ئەڵێ، بەڵام هیچی بەسەر هیچەوە نییە. بەهادین لە یەکێ لە فەقێکان ئەپرسێ کە سێ جار چوار ئەکاتە چەند؟ فەقێش بەبێ وەستان ئەڵێ ئەکاتە بیست و یەک.

ئاخون تووڕە ئەبێ و سوور ئەبێتەوە، ئەڵێ: «ئەم ناجسنە هەروا تێنەگەیشتووە، تا ئێستە من سەد جارم پێ وتووە ڕۆڵە سێ جار چوار ئەکاتە حەڤدە، تازە ئەو ئەڵێ بیست و یەک».