شێخ جافری عەبابەیلە هەبوو پیاوێکی قسە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 2 خولەک  787 بینین

شێخ جافری عەبابەیلە هەبوو، پیاوێکی قسەخۆش و عەنتیکە بوو، بەڵام هەتا بڵێی ناشیرین و بەدفەساڵ بوو. سەعید بەگی بادەڵانیش هەبوو، ئەویش پیاوێکی ئێجگار قسەخۆش و دیوەخانارا بوو. ڕۆژێک سەعید بەگ ئەچێتە دیوەخانی ئەحمەد بەگی وەسمان پاشا، سەیر ئەکا شێخ جافر لەوێ دانیشتووە، بەڵام ورتەی لە دەم نایەتە دەرەوە و بە تەواوی پەژارە دایگرتووە. هەر چەندە ئەیدوێنێ بە هیچ جۆر شێخ جافر نایەتە قسە و هەر ئەڵێ: «سەعید بەگ وازم لێ بێنە زۆر عاجزم». سەعید بەگ ئەڵێ: «شێخ جافر ئەگەر ئێستا من تۆم هێنایە پێکەنین چیم ئەدەیتێ؟» شێخ جافر هەر دەنگ ناکا؛ بە کورتی گرەو ئەکەن لەسەر هەندێ پارە که ئەگەر ئەم ئەوی هێنایە پێکەنین ئەوەندە پارەی بداتێ، ئەگەر خۆ واش نەبوو، ئەم دوو ئەوەندە پارە بدا بەو. بەم جۆرە گفت ئەبڕنەوە و سەعید بەگ ون ئەبێ، لە پاش تۆزێک دێتەوە، ئاوێنەیەک ئەدا بە دەست شێخ جافر و ئەڵێ: «ها سەیری خۆت بکە، گورگت ئەوێ هەیە، چەقەڵت ئەوێ هەیە، مەیموونت ئەوێ هەیە، ورچت ئەوێ هەیە، هەر ڕموزنێکت ئەوێ لە دنیادا هەیە». لە ڕاستیدا شێخ جافر سەیری ئاوێنەکەی بەردەمی ئەکا و گوێی لەم قسانە ئەبێ، دەست ئەکا بە پێکەنین و گرەوەکە ئەدۆڕێنێ.