مامۆستایەک دەرسی بە مناڵان ئەوت کابرای...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  833 بینین

مامۆستایەک دەرسی بە مناڵان ئەوت، کابرایەکی دۆستی چوو بۆ لای، سەیری کرد مامۆستا دارێکی درێژ و کورت و قەڵماسکێک و تەپڵێک و مێکورتێک و دووزەلەیەکی لای خۆیەوە داناوە. لێی پرسی: مامۆستا ئەمانە چییە؟ جەناباغا وتی: «فڵانی! ئەم مناڵانە هەتیوی بێشەرمیان تیایە؛ پێی ئەڵێم بخوێنە، جرتم بۆ ڕایێڵێ! منیش بە دارە کورتەکە لێی ئەدەم، دوور ئەکەوێتەوە، ئینجا بە دارە درێژەکە لێی ئەدەم، هەڕا ئەکا و ئەڕوا، قەڵماسکەکەی تێ ئەگرم، سەری ئەشکێ، ئەو وەختە هەموو مناڵەکانم تێ ئەوروکێن، چاریان ناکەم، دێنم تەپڵەکە ئەکەمە ملم و دووزەلەکە ئەگرم بە دەممەوە و مێکوتەکە ئەگرم بە دەستەوە، دەست ئەکەم بە تەپڵکوتان و دووزەلەلێدان، خەڵکی گەڕەک گوێیان لەم تەپڵ و دووزەلەیە ئەبێ، لێمان کۆ ئەبنەوە و لەبەر دەستی مناڵەکانا ڕزگارم ئەکەن».