ژنێک چووە لای قازی شکاتی لە مێردەکەی...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  824 بینین

ژنێک چووە لای قازی شکاتی لە مێردەکەی کرد، وتی: لەبەر ئەوە میز ئەکاتە ژێری خۆی ئەبێ تەڵاقم بدا. کابرا وتی: «قوربان با منیش عەرزت کەم؛ لە خەوما من لە جزیرەیەکدام، لە ناو دەریا. لەو جزیرەیەدا کۆشکێکی زۆر بەرزی لێیە، لەسەر کۆشکەکەوە مەنارەیەکی لێیە، لەسەر مەنارەکەوە حوشترێکی لێیە، منیش وام بەسەر حوشترەکەوە، حوشترەکە لەو سەرەوە دەمی ئەبرد بۆ دەریا ئاو بخواتەوە، کە ئەمەم دی لە ترسانا میزم کرد بە خۆما».

قازی کە ئەمەی بیست ئەویش لە شوێنەکەی خۆی میزی کرد بە خۆیا. ئینجا ڕووی کردە ئافرەتەکە، وتی: «خوشکم، من تەنها بە بیستنەکەی لە ترسانا میزم کرد بە خۆما، ئێستا ئەو کە بە چاوی خۆی دیویەتی، چۆن میز ناکا بە خۆیا؟ بڕۆ هیچ هەقێکت بە سەرییەوە نییە».