ژن و مێردێکی کوردەواری، گەنجییان پێکەوە...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  1630 بینین

ژن و مێردێکی کوردەواری، گەنجییان پێکەوە ڕابوارد و زەمانێکی دوورودرێژیان بەسەر برد، هیچ ناخۆشییەک نەکەوتە بەینیانەوە، لە دەوروبەری پیریدا کابرا بوو بە ئاگر و چووە گیانی ژنەوە! ژنە نەیئەوێرا لێو هەڵبێنێتەوە کابرا دەستی ئەکرد بە قسە وتن پێی. ڕۆژێک ژنەکە وتی: ئەرێ پیاوەکە! من نازانم تۆ بۆچ وات لێ هاتووە؟ جاران من ئەموت سندان تۆ ئەتوت لە دەورت گەڕێم. من ئەموت قوزەڵقورت تۆ ئەتوت بە ساقەی زمانت بم! کەچی ئێستا پێت ئەڵێم بەقوربان، تۆ ئەڵێی سەگباب! ئەمە بۆچ وات لێ هاتووە؟ پیاوەش وتی: ژنەکە واز بێنە لەسەری مەڕۆ، ئەوی بەینی من و تۆی خۆش ئەکرد نەما و بەسەرچوو!