مەجید یەعقووبی لە ساڵی ١٩٣٢دا موتەسەریف...

لە کتێبی:
ڕشتەی مرواری (بەرگی ١)
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 1 خولەک  1069 بینین

مەجید یەعقووبی لە ساڵی ١٩٣٢دا موتەسەریف بوو لە سلێمانی، ئەو ساڵە مشکەکوێرە و بەراز لەو وڵاتە زۆر بوو. کاغەزێکی بۆ مودیریەتی زراعە لە بەغدا نووسیکە هەندێ دەرمان بنێرن بۆ ئەوەی ئەو مشکانەی پێ بکوژن. ئەم کاغەزەشی زۆر بە پەلەپەل نووسیبوو، بۆ ئەوەی زوو دەرمانەکە بنێرن. مودیریەتیش بە جوابێکی ڕەسمی جوابی دابۆوە و نووسیبووی لەم ڕووەوە قسەمان لە گەڵ وەزارەتی ئیقتساد کردووە وەزارەتیش قسەی لەگەڵ شەریکەدا کرد لە لەندەن بۆ دەرمان، شەریکەکە وتی: «وا ئیرسالیەی تازەتان بۆ ئەنێرین». مەجید یەعقووبیش لە جوابی ئەو کاغەزەدا نووسیەوە بۆ مودیریەتی زراعە وتی: ئەمرەکەتانمان گەیاند بە مشکەکان پێمان وتن لە کونەکانیان نەیەنە دەرەوە تا ئیرسالیەی دەرمانی تازە لە لەندەن دێت و ئەیکەین بە کونەکانتانەوە و ئەتانکوژین! بەڵام بۆ بەرازەکان نازانین؟ هەر عەینی شتیان پێ بڵێین یا دەرمانی ئەوان لە شەریکەیەکی تر دایە؟ تکا ئەکەین جوابمان بدەنەوە!