دڵئاراما چ زیبایی، دڵئازارا چ ڕەعنایی
لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
2 خولەک
1173 بینین
دڵئاراما چ زیبایی، دڵئازارا چ ڕەعنایی
چ دڵکەش چیهر و سیمایی، چ سەرکەش قەدد و باڵایی
شەکەر لەب، شاهیدی شیرین، بتی چین، لوعبەتی ماچین
سەراپا سۆسەن و نەسرین، چ لەب نووشین دڵئارایی
خوداوەندا چ مومتازی، چ شۆخ و شەنگ و غەممازی
چ دەمسازی، چ هەمڕازی، چ تورفە مەجلیس ئارایی
دزی دڵ، ئافەتی جانی، قسوری عەقڵی ئینسانی
فتوری زوهد و عیرفانی، فەسادی دین و دنیایی
بەسورەت ماهی ئافاقی، بەمەعنا جانی موشتاقی
چ خۆش ئاداب و ئەخلاقی، چ مەحبووبی، چ زیبایی
چ بێ دینی، چ بێ ئیمان، چ بێ بونیان، چ بێ ئەرکان
چ بێ شەرتی، چ بێ پەیمان، چ بەد عەهدی، چ بەد ڕایی
بەعاریز: مەعجەری پشکۆ؛ بەگێسوو: گوڵشەنی شەوبۆ
ئەگەر حەققت دەوێ ئەمڕۆ، لە دنیا تاق و تەنهایی
لە مەغریب تا بەماچینت، موسەخخەر بوو بەئایینت
منیش هاتوومە سەر دینت، ئەگەر سەد کە نەسارایی
نەخۆشی دەردی هیجرانم، ئەتۆی دەرمانی دەردانم
وەرە ئەی ڕاحەتی جانم، کە بۆ من، تۆ مەسیحایی
وەرە ئەی ماهی تابانم، ببە جارجارە میوانم
کە دەتکەم تاکو دەتوانم، بەجان و دڵ پەزیرایی
وەرە ئەی یاری دڵدارم، ببە ساتێ بەخەمخوارم
بپرسە حاڵەکەی زارم، بزانە دەردی سەودایی
وەرە ساتێ بەڕەعنایی، ببینە حاڵی شەیدایی
بڵێ چۆنە بەتەنهایی، ئەدەبناسناوی ئەدەبی بێ من، شەکیبایی