هەتا تەشریفی نیکوویی، تەرازی قەددی زیبا بێ

لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
 2 خولەک  1036 بینین
هەتا تەشریفی نیکوویی، تەرازی قەددی زیبا بێ
دەبێ کێ ئارەزووی جامەی حەیاتی خۆی دەبەردا بێ
لە نێوان زوڵف و ئەگریجەت، گرفتارە دڵی زارم
لە نێویدا دەبن ئاخر، چ لەملا بێ، چ لەولا بێ
بڵێسەی ئاگری دووریی، ئەگەر وابێ مەعازەڵڵا
بەبێ تابی تەجەللای ڕوو، کە سینەم نووری سینا بێ
سەری بێحاڵە زوڵف و دڵ، ئەوەن فرمانی قەتڵی دا
سزای قەتڵە؛ غوڵامێکی بەڵێ گەر عاقی مەولا بێ
کە دیم شەمعی جەمالی تۆ، لە فکری سەربڕین کەوتم
بەڵێ عاشق بەدیدارت، دەبێ پەروانەئاسا بێ
دڵی هیجران شکستەم، گەر لە خارای عیشقدا زانیم
سەبوو دەشکێ لە خارادا؛ بڵا سەد دەفعە خارا بێ
گوتم: ماڵم دەشێوێ من، کە «با» زوڵفت دەشێوێنێ
گوتی: مەفتوونی زوڵفی من، دەبێ ماڵی بە«با»دا بێ
گوتم: جانا دەڵێن وەک تۆ، لە چەرخا تالعە ڕۆژی
ئیشارێکی بەکوڵمی کرد، گوتی: گەر ڕۆژ، ئاوا بێ
بەکاری عاشقیی نایە، لە شەیدایی بەدەر، عەقڵێک
کە دانا هات و عاشق بوو، دەبێ دانایی دانا بێ
بەغەیرەز عیشق و موڵکی دڵ،جنوودی خاڵ و خەت کێ دی
کە سوڵتان و سوپاهی خۆی، لەموڵکی خۆی بەیەغما بێ
ئەنیسی وەحشی وەک مەجنوون و وێڵی کۆهی سەودایی
ئەوێستاکەش دەبێ لەیلا، کە عاشق؛ وەک ئەدەبناسناوی ئەدەبی نابێ