ئەی ڕەفیقان! دڵ، نزاری غەمزەیێکی دڵبەرە

لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
 2 خولەک  1109 بینین
ئەی ڕەفیقان! دڵ، نزاری غەمزەیێکی دڵبەرە
خۆ نوێن و شێوەباز و ساحیر و جادووگەرە
تا بڵێی خۆش مەنزەر و مشکین خەت و رەعناقەدە
تا بڵێی بەد عەهد و شەرت و بێ وەفا و خودسەرە
دڵبەری، جانپەروەری، گوڵپەیکەری، عیشوەفرۆش
مەهوەشی، کوڵمەگەشی، میناگەشی، مینادەرە
گوڵبەدەن، شیرین سوخەن، تەنگی دەهەن وەک شەهدی ناب
چەهـ زەقەن، گێسوو ڕەسەن، توڕە شکەنج و چەنبەرە
مەهـ لیقا، شیرین ئەدا، هەم دڵگوشا، هەم دڵڕوبا
مەجلیس ئارا، بادە پەیما، هەم مەیە، هەم ساغەرە
شۆخی چین، تورکی خەتا، زیبی خوتەن، ماهی تەتار
شۆڕی شار، ئاشووبی موڵک و ئافەتی هەر کیشوەرە
دەفعی خەم، رەفعی مەلالەت، مایەیی وەجد و نیشات
قووتی دڵ، ڕۆحی ڕەوان، ئارامی جیسم و پەیکەرە
لوعبەتی ڕەنگین ڕوخی، ڕەنگین لەبی، ڕەنگین عوزار
خۆش قسەی، خۆش سوحبەتی، خۆش فیترەتی، خۆش گەوهەرە
یاری من، دڵداری من، خەمخواری بێ ئازاری من
ڕازی من، هەمڕازی من، دەمسازی عاشق پەروەرە
لەودەم ئەو زیبا سەنەم بۆتە بتی مە، دوو جیهان
یا شەمەن، یا بەڕهەمەن، یا بت شکەن، یا: بوتگەرە
زائیقەی قەندی لەبی؛ شاخەی نەباتی میسرییە
ڕایەحەی زوڵفی خەمی، شیشەی گوڵابی قەمسەرە
تا بەحەسرەت، تۆ تەماشای ئەو قەد و ئەندامەکەی
یا: دوڕە، یا گەوهەرە، یا زینەتە، یا زیوەرە
شەو هەموو شەو، تا سەحەرگاهان لە دووریی یاری خۆم
نەشتەرم باڵین و ناڵەی یار و خارم بەستەرە
گەر ئەدەبناسناوی ئەدەبی بێتە بەیانی ڕەنجی شەوگاری فیراق
شەرحی هیجرانی؛ وەرای گونجاییشی ئەم دەفتەرە