خۆشە بادە، هەر دەمەی؛ ئەمما بەیانی خۆشترە

لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
 1 خولەک  1421 بینین
خۆشە بادە، هەر دەمەی؛ ئەمما بەیانی خۆشترە
ئاشکاریش خۆشە عەیش، ئەمما نیهانی خۆشترە
عومر هەر فەسڵێکی خۆشە، گەر بەنیعمەت رابرێ
گەر خودا بیدا بەڕەحمەت، نەوجەوانی خۆشترە
حیشمەتی شاهان ئەگەرچی خۆشە،بۆت مومکین ببێ
گەر لە من پرسی؛ بەجانان پاسەبانی خۆشترە
سەد وەکو مووسا؛ یەدی بەیزا و ئیعجازی هەبێ
گەر تەجەللای ڕوو نەبێ، بەخودا شوانی خۆشترە
گەر گەدای و عاشقی؛ شاهێکی بێ تاج و نگین
خوسرەوی بێ شۆری شیرین؛ سارەوانی خۆشترە
جان نیساری عاشقان، خۆشە ئەگەر بۆ دڵبەران
بۆ کەسێکی جان نسارە؛ جان فشانی خۆشترە
قەهر و لوتفی یاری مە، بۆ ئێمە یەکسانە، بەڵان
گاهگاهێکیش بەخەڵوەت، میهرەبانیی خۆشترە
عومری جاویدان ئەگەرچی نیعمەتێکە بێ قەرین
ئەی ئەدەبناسناوی ئەدەبی بیللا بەمە، ماچی فڵانی خۆشترە