با بڵێن گوڵزارە ڕووی تۆ، خونچەیی گوڵزاری تۆ
لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
2 خولەک
1187 بینین
با بڵێن گوڵزارە ڕووی تۆ، خونچەیی گوڵزاری تۆ
کوا وەکو گوڵزاری تۆ، یا خونچەیی گوڵ زاری تۆ!
سەرو؛ ئەگەر تەنها لە یەک جێ، دڵکەش و مەوزوون قەدە
ئەی سنەوبەر قەد؛ لە هەر جێ، سەروی خۆش ڕەفتاری تۆ
کوا عیبارەت! هێندە شیرین، کوا تەللەفوز، هێندە خۆش
کەوسەرە؛ تێکەڵ مەگەر، بەو شەککەری گوفتاری تۆ!
پایی بەندی تیشکی ڕوو، وەک: سایەیە بێ ئیختیار
هەرکەسێ تاوێکی هاتە: سایەیی دیواری تۆ
دڵ، هەوەڵ زەخمی کە هێنا، من کە دیم، ناسیمەوە
دەست و شەستی کەس نییە؛ ئیللا مەگەر شاکاری تۆ
تۆ؛ گەر ئەمساڵە سەراپا، بۆ مە، جەوری یا ستەم
خۆشە هەرچی بێ، بەیادی لوتفەکانی پاری تۆ
خەڵک، ئەگەر هەڵدێ لە مار و ئیحتیرازی لێ دەکەن
بۆچ ئەمن بێ «مار»ی دوو زوڵفی ئەتۆم، بیماری تۆ!
سەد کەڕەت تیرت لە دڵداوم، هەتا: پەڕ نیشتووە
ئەی چ جارت وا نەبوو؛ دڵدۆزی وەک ئەمجاری تۆ!
خۆت لەمە بێگانە دەگری و پێم دەڵێی: بێگانە بووی
ئاشنا تا بووم، ئەمن بووم، وێستە وا ئەغیاری تۆ!
گەر دەڵێی: دڵ بۆچی بەستەی زوڵفی وەک پەرگارتە
نوقتە لەو جێگە دەبێ، لێی بێ: سەری پەرگاری تۆ
تۆ؛ لەبت شیرین و خۆت شیرین و قامەت شیرینی
بۆیە وا نوتقی ئەدەبناسناوی ئەدەبی شیرینە بۆ تەکراری تۆ