سوبحدەم، هەنگامی گوڵ، سۆزەی نەسیمی عەنبەرین

لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
 2 خولەک  1672 بینین
سوبحدەم، هەنگامی گوڵ، سۆزەی نەسیمی عەنبەرین
چەندە خۆشە، بادە وەرگرتن لە یاری نازەنین
چەندە خۆشە: عوشرەتی پەنهان؛ نیگارت ڕوو بەڕوو
موتریب و ساقی لە لایێک، خونچەدەم یەک، مەهـ جەبین
گەهـ سەماعی ئەرغەنوون و گا سوراحی لەعلی ناب
گا لە باخی تەلعەتی یارانی گوڵڕوو؛ گوڵچنین
خۆزگە بەدوێنێ شەوێ کا؛ دوو بەدوو بووین ئەمن و یار
تا سەحەرمان عەیش و عوشرەت بوو، مەزاح و پێکەنین
دەم بەدەم ساعید لە گەردن، لەب لەسەر لەب، ڕوو بەڕوو
دەست لەسەر سینە، خەریکی گوڵچنین و بەی گوشین
گەهـ لە جامی لێوەکەم، دەمژی قوڕابەی شەهدی ساف
گەهـ لە فنجانی دەمی تەنگی ڕەواقی ئەنگەبین
گەهـ لە باخی سینەدا، سەیری دوو نارنجم دەکرد
گا لە گوڵزاری جەمالی دا، تەماشای یاسەمین
گەهـ لە بادەی: مەستی کردم، گەهـ لە غەمزەی چاوی: شێت
گا لە زوڵفی: والە و شەیدا؛ نە عەقڵم ما، نە دین
گا لە دوو لەب ساغەری تێکرد؛ کەها: ئابی حەیات
گا لە گەردن شیشەیی ڕاگرت؛ کەها: ماء المعین
گا بەڕووی خۆی کرد ئیشارە، گەهـ بەڕەوزەی سینەکەی
هذهِ جَنّات عَدن فادخلوها خالدينعەرەبی
موختەسەر دوێنێ شەوێ، تا تەلعەتی میهری مونیر
هەر ئەدەبناسناوی ئەدەبی بوو، بێ سەدا، موختاری فیردەوسی بەرین