ئەمڕۆکە عەجەب، شۆڕش و غەوغایە لە گوڵشەن

لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
 1 خولەک  1077 بینین
ئەمڕۆکە عەجەب، شۆڕش و غەوغایە لە گوڵشەن
وەقتی تەرەبی بولبولی شەیدایە لە گوڵشەن
خەمڵیوە بەسەد ڕەنگە؛ گوڵ و لالەیی سەحرا
سەد نەغمە لە هەر لا، دووسەد ئارایە لە گوڵشەن
تێکەڵ لە هەموو لاوە: شەقیق و گوڵ و نەسرین
ئەلحەق کە گەهی سەیر و تەماشایە لە گوڵشەن
سەتحی چەمەن ئەمڕۆ لە قەڵەم، قودرەتی سانیع
وێنەی قەڵەمی سەنعەتی ئەو شایە لە گوڵشەن
خەندەی گوڵ و گریانی هەوا، وا دەنوێنێ
ئەمڕۆکە دەمی بادە و مینایە لە گوڵشەن
بولبول؛ سەحەریی، نەغمە نەوازە بەسەراحەت
یاران! چە گەهی تەوبە و تەقوایە لە گوڵشەن!
ئەمڕۆ نەشکێ؛ کەی دەشکێ، تۆبەکە ئەمڕۆ
تۆبە شکەنیی؛ حوکمی تەقازایە لە گوڵشەن
ساقی! بدە بەو جامی زەڕەت، بادەکە، ئەمڕۆ
هەنگامی مەی و ساغەر و سەهبایە لە گوڵشەن
هاوارە، وەکو بولبولی شەیدا «ئەدەب»ی زار
دەستی نەگەیشتە گوڵ و ڕسوایە لە گوڵشەن