ساقی وەرە بەو مژدە؛ کە ئەو شەمعی شەبستان
لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
2 خولەک
1082 بینین
ساقی وەرە بەو مژدە؛ کە ئەو شەمعی شەبستان
کاشانەیی ئەغیارە؛ کە ڕووی کردە گوڵستان
لەب ڕیز بدە، ساغەر و بۆم تێکە پەیاپەی
شەوگاری وەها، فرسەتە بۆ بادە پەرستان
خوم بێنە، کەدو بێنە، سەبو بێنە لەبالەب
ئەمشەو، کە شەبستانی مە، با بێتە مولستان
سوبحانە! چە خۆشە، کە دڵارامی وەفادار
خۆی بێتە عیادەت لە مەریزان و لە خەستان
خۆشتر ئەمەیە بێی بەنیساری قەدەمی کەی:
سەد جانی عەزیزت؛ نەبەدەستێ، بەدوو دەستان
گەهـ سونبولی بچنی لە سەمەنزاری جەمالی
گەهـ گوڵ لە گوڵستان و دەمێ خونچە لە بوستان
جارێ سەری کوڵمی بگەزی، جارێ لەبی لەعل
گا: بنکی دوو مەمکانی، دەمێ: دوو سەری پستان
گەهـ زەحمەتی دەی، گاهێ نەدەی، گاهێ بەتیبەت
هەرچی کە بکەی، عوزر پەزیرایە لە مەستان
جارێ شەکەری لێوی ئەوەند بمژی بەلێوان
شەهدی شەکەرت بتکێ لە بن ناخوونی دەستان
ئەمجارە قەدی خۆت، لە قەدی ئەو سەرووی سەهی دا
باڵێنی؛ وەکو مارێ، لە نەخلی عەرەبستان
بەم تەرزە، لەبالەب لەگەڵ ئەو یاری وەفادار
تۆ: بولبولی شەیدا و ئەویش: خونچەیی بوستان
تاکەی ئەدەبناسناوی ئەدەبی ئەم عوشرەتە؛ هەر تاکو نیدا دێ؟
مردووت بمرێ، هەستە؛ ئەوا مردوو هەڵستان