کێ بوو شەوەکی، بەو گوزەرەیدا گوزەری کرد؟
لە کتێبی:
دیوانی ئەدەب
بەرهەمی:
عەبدوڵڵا بەگی میسباح دیوان (1859-1916)
1 خولەک
1378 بینین
کێ بوو شەوەکی، بەو گوزەرەیدا گوزەری کرد؟
تیری نیگەهی، وا لە دڵی مە، ئەسەری کرد؟
بێدار نەبوو فیتنەیی ئەو نێرگسی جادووت
ئاهی سەحەری ئێمە، دەبێ باخەبەری کرد؟
باوەڕ مەکە جانا بەکەسی دیکە نەزەرکا
هەر دیدە کە جارێ بەجەمالت نەزەری کرد
قەسدی هەدەفی سینە بوو، پەیکانی مژۆڵت
نەمزانی لەبەر چی بوو؛ کە عەمدەن خەتەری کرد
یاڕەب چییە شیرینیی ئەو دوو لەبی گوڵنار
پستێکە، خوداوەند عەجینی شەکەری کرد
ئیعجازی هەچی بووبێ، مەسیحا لە کەم و زۆر
ئەمڕۆ لە لەبی تۆ: بەچە تەرساوە؛ سەری کرد
گێسویی دڵارامم هەموو وەقت دڵاران
خاسسە بەگەهی جیلوە؛ کە زیبی کەمەری کرد
هەر کەس کە تەوانای نەززارەیی مەهی ڕووی بێ
حەققا بەنەزەر موعجیزی «شەققولقەمەری» کرد
تا بەڵکە وەک ئەبرۆ و ڕوخی تۆی بنوێنێ
گەردوون مەهی وەک قەوس و دەمێ وەک سپەری کرد
هەر سوبحدەمم وەک شەوی دەیجوورە لە وەقتێ
ماهی حەزەری ئێمە، لە لای مە، سەفەری کرد
توولانییە شەرحی ستەمی؛ وەک سەری زوڵفی
تا ڕەنجە نەبێ لێمە ئەدەبناسناوی ئەدەبی، موختەسەری کرد