جلخواری و ملخواری

لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
 1 خولەک  477 بینین
چەند پێم وت کوڕە وازبێنە لەم جلخوارییە؟
ئاخرو ئەنجامی جلخواری وەها ملخوارییە
ئەو نەخۆشەی دائیما دەتگوت زەریفە سیحەتی
ڕۆژی ئەووەڵ پێم گوتی باوەڕکە دەردی کارییە
دەست و پێی خۆت بەستەوە تا بووی پەرێشان و ڕەزیل
فائیدەت چی بوو بڵێ توخوا ئا لەم ئینکارییە
دۆتەکەت وا لێبڕاوە بۆیە هێندە موفریتە
کابراش دەیەوێت و نایدەن، بۆیە وا هاوارییە
دەردی لوقمەی چەورە عالەم گوبە و شێت و هار ئەکا
کەس نییە بۆ دینی بێ ئەم قال و قیلە و زارییە
ئەو کەسەی مەیلی دەکەی گوایە بەناوی دینەوە
وا لەسەر شەپقە لە بەینی میللەتت کوشتارییە
خۆتش ئەیزانی حەقیقەت وایە ئەمما پێوەبووی
لات وەهایە تازە عەیبە تەرکی ئەم بێعارییە
سەیری کوردی میللەتت کە چەند جاهیل مایەوە
سەنعەت و کەسبێ کە هەیبێ شوانییە و جوتیارییە
ئەی ئەسیریناسناوی ئەدەبی لێیگەڕێ جل خوارە دەردی خۆی بەسە
ئەم غەم و دەردەی کە هەشیە، ڕاستی سەربارییە