هۆشەنگ

لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
 1 خولەک  585 بینین
چبکەم لە جیهان و خۆم نەزانم
سوودم لەمەیە، کە دەرچێ گیانم
لەم تێ نەگەیینە ڕەنجەمانم
دەردێکە نەزانی پیاوی هۆشیار
کەیف و هەوەسە نەزانی بێهۆش
***
ئەم چشتە بەتاڵە پڕ لە گۆیە
تاریکیێکە نەبا نە گۆیە
کۆتایی ئەگەر هەبێ لە کۆیە
ئەو هیچە وەها وەها هەر ئەڕوا
یانە لە وەلا جیهانی تر دێ
***
لەولاتری ئەم جیهانە چی دێ
دیسانەوە هیچ و چشتی دی دێ
هیچ و لە وەلا جیهانی دی دێ
کۆتا نییە یێک لە دووی یەک ئەڕوا
بیرم لەمە تێکچووە و کەشەنگم
***
لەو دیو و لە پشتی ئەم جیهانە
دەڕوا، نییە بۆ بنی نیشانە
چشتێکی وەهایە کەس نەزانە
گەرچی ئەمەیە لە نویسی هۆشەنگ
هۆشم لە ئەمەش بوو پێچەوانە
***
بێتو ئەگەر ئەم جیهانە بڕوا
کۆتایی نەبێ، وەها وەهادا
ئەستێرە وو مانگ و خۆر و پڕ با
لەم کارە وڕ و نەزان و گێژم
ئەم بیرە لە کێشی من نییە دەبەنگم