شینی ساڵح زەکی بەگی ساحیبقران

لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
 1 خولەک  1059 بینین
نەبوو ئەی پیاوی چاک چاخی نەمانت
بۆ گەل لەم چەرخە پێویست بوو ژیانت
لەداخی گەل زوانم بەسترابوو
لەداخی تۆ کراوە بۆ بەیانت
لەداخی کۆچی تۆ دڵ بوو بەسووتوو
ئەگەرچی بۆ بەهەشتە ڕێی ڕەوانت
کە جێت هێشتین و ئنجا لێت گەیشتین
چلۆن بوو بۆ گەلت هەوڵ و دەوانت
پیاوی لەشکری زانا و هۆشەنگ
کەلێنی خستە قوللەی گەل نەمانت
لەشت گەرچی نەما، گوم بوو لەبەرچاو
دەمێنێ تاکو کورد مابێ، نیشانت
گەواهی و بەڵگەی گەورە و بوزرگیت
لە دووی خۆت، جێ نەمانی موڵک و ماڵت
بەمە زۆر بەرز و باڵاوو بوڵندیت
هەتا ئەوجی فەلەک چوو ناوونیشانت
دەڵێ ئەو دەوڵەتەی جێما لەپاشت
بەسە ئەو ناوی چاکە بۆ بەیانت
نەبوو کورتیت لە کاری چاکە بۆ گەل
نەشت کرد هیچ درێغی نان و خوانت
لە غوفران هاتەدەر تەئریخی چوونت
لەبۆ باغی بەهەشت جێگیر و مانت