باوەپیرە

لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
 2 خولەک  1199 بینین
ئەی دڵی ناشادی من، تا کەی بێ، ئەندوه و غەمت
مێشکی خولیایی من، تا کەی بێ، جۆشین و تەمت
سینەیی بوریانی من، تا کەی بێ گرپەی سووتنت
جەرگی زامدارم، هەتا کەی ئێشی زام و میحنەتت
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهو حەسرەتت
نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت
باوەپیرە تۆ چییە وا عاجز و سست و خەمی
هێندە فرمێسکت دەڕێژی، غەرقی خوێناو و نەمی
دەست و پێ و کەللەت دەلەرزێ، تووڕە وو دڵ پڕ هەمی
دەم بەدەم پەرپووت ئەبی، هەروا لەسەر خوار و کەمی
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهـ و حەسرەتت
نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت
قەیرە تۆ بۆ چی کز و مات و مەلوول و سەر فرۆی
دەردەدار و دڵشێواو و توند و بێزاری لە خۆی
وا پەرێشان و شێواوی نازانی کێ وو لە کۆی
حاسیڵی عومرت سەراسەر ئاهی سەرد و ئای و ئۆی
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهـ و حەسرەتت
نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت
لاوی شیرینم چ قەوماوە وەها تووڕە و هەڵەی
زەرد و لاواز و لەڕ و وشکی وەکو داری چەڵەی
جووڵە وو نققەت بڕاوە هەر وەکو ڕێویی تەڵەی
هەر خەریکی هات و هاوار و گرین و وەلوەلەی
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهـ و حەسرەتت
نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت
ساوە تۆ بۆ چی ئەزیڕێنی و ئەناڵێنی بەشەو
چاوی پڕ خوێنت بەڕۆژ و شەو، دەمێ ناچێتە خەو
تۆزێ داناکاسرێی، سرک و سڵی وەک بەچکە کەو
هۆگری باب و کەست نیی، ڕووت لە کۆچ و بار و ڕەو
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهـ و حەسرەتت
نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت
تۆ ئەسیریناسناوی ئەدەبی بۆ چی تەنگاوی و مەلوولی و دەردەدار
وات ئەوێ تێکچێ زەوی پارەی ببێتە سەد هەزار
واتەقێ گشتی ببێتە ڕێزە وو تۆز و غوبار
بەڵکو ڕزگاری ببێ کوردی پەرێشان و هەژار
حەققە وەڵڵاهی غەم و سووتان و ئاهـ و حەسرەتت
نیشتمان وێرانە، سەرگەردانە پیاوی میللەتت