شینی شەهیدانی کورد
لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
2 خولەک
1164 بینین
یارەب چە موسیبەتێکە لە کوردانی ئێمە قەوما
لەم میللەتە مەزڵوومە نە خۆراک و نە خەوما
خوێنی شوهەدا هەر وەکو سێلابی بەهارە
هەروا لەشی کوژراوە دەتلێ بە ڕووبارە
هاوار و گرین و جەزەع و ماتەم و شینە
ئەم زوڵمە لەبەر ئارەزووی دینی موبینە؟
شێخ و عولەما و سەید و سادات و ڕەئیسان
بێ شوبهە بەناحەق هەموو بێکردەوە کوژران
بۆتی بژمێرم شوهەدای وەتەن و دین
بڕوانە دوو چاوت بەخوڕەم جۆگەی خوێنین
شێخ قادری سەردار و موحەممەد خەڵەفی ئەو
دکتۆر فوئادە کەسی من گوێ گرە بشنەو
سەعدی بەگ و فەوزی بەگ و قاسم بەگ و خان بەگ
یوزباشیە فیکرەت بەگ و، ئەجزاچی سالح بەگ
شێخن هەموو عەبدوڵلا و سەیفوڵلاە دیندار
مەلا سەلیم نەقشی، لە باتنی دڵی هوشیار
ئایا چە ڕەئیسێ بوو، لە عەشیرەت حەمە ئاغا؟
بۆ شێخ عەلی دڵ دەسووتێ سینە لە داغا
یوزباشی قادر بەگ و ئەبوبەکر و عیززەت سەردار
ئیعدامی مەلا قادری کرد دوژمنی غەددار
خۆی کردە فیدای وەتەن کورد سەعید بەگ
قوربانی وەتەن بوو بە سەرو ماڵی ڕەشید بەگ
کوژراوە ئیسماعیل بەگ ئەمما بە چ غەدرێ
بۆ لاوەکانی بەدرخانی سینە دەکوترێ
خۆی و کوڕەکانی یە شەهادەت هەموو ڕۆیین
موفتی لە دیاربەکر ئەمانە هەموو خۆیین
ساڵح بەگی پاشا چە ڕەئیسێ بوو دەزانی؟
مەعسوومی برایم پاشا فەوتا چووە فانی
گەورەی هەموو لایێ بوو ڕەئیسی هەموو میللەت
خۆی و کوڕەکەی شێخ سەعید کەوتنە زیللەت
دیندار و موسڵمان و موتیع بوون بەشەریعەت
زۆریان عولەماو سەیید و ئەربابی تەریقەت
گەورە بەهەزاران و ڕەعیەت بەملیۆن
چەند سەدی دی، چوونە ئەگەر، بێ سەروشوێن
ئەم دەرد و بەڵا و ئەلەمەی هاتە سەر ئێوە
ئەی کوردە مەگەر چێشتبێتی خانلغی خێوە
خوێنی دڵە دەڕوا لە دوو چاوی کەسی کوردی
پیاوی وەتەنی وایە، برا گەورە و وردی