شیوەنی شێخ موحەممەدی کەرەدان

لە کتێبی:
دیوانی ئەسیری
بەرهەمی:
ئەسیری (1895-1962)
 1 خولەک  1105 بینین
لە ڕێگەی نەعشی پاکی شێخ موحەممەد سەییدی واڵا
هەزارانێ لە دەوری دارەمەیتی مەرقەدی ئاڵا
وەها هاژا بوو عالەم هەر وەکو دەریا لەمەوجابێ
لە یەکتر بێ خەبەر مەستانە، دەبزووتن هەموو لالا
لەسەر دەس، دەس بەدەس، تاکو گەیشتە گۆڕی پڕ نووری
بەڕووی یەک، مەردم و حۆری و فریشتە، گشتی هەڵ کاڵا
بەشەر دەیویست زەوی بێ جێی، مەلەک دەیبردە عیللییین
سوڵح وا بوو لەشی لێرە، مەلەک ڕۆحی بەرێ باڵا
ئەساسەن ڕۆح پەروەر بوو، لە دنیا و لەززەتی بێزار
لەشی بەرگێکی کولفەت بوو، بەمردن ڕۆی و داماڵا
سەما وا غارەتی کرد، کۆمەڵی نووری بەیەغما برد
ئەمە پیشەی سەمایە، ڕووی زەوی هەردەم ئەکا تاڵا
بە غوفرانی وەدوود تەئریخی ساڵی ڕیحلەتی شێخ بوو
بولی باغی بەهەشتە شێخ موحەممەد سەییدی واڵا