سروودی وڵات

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  945 بینین
پایز:
ساڵ پایزە، گەرمەی گەڵاڕێزانە
زێڕ بارانە، شێوەی ساڵی جارانە
گەڵای ڕژاوی، دارمازووی چیای بەرز
ملوانکەکەی ئەئاڵانە ملی وەرز
هەناسەی شاخ کزە بای ساردی پێ دەشت
تێکەڵ ئەبوون ڕووە و دامان بەبای وەشت
گرمەی هەور، لێزمەی خوڕی پەڵەی ساڵ
بە هوروژم خۆی ئەگەیانە ناوماڵ
ڕووباری شین، سوور هەڵگەڕاو بە لافاو
جارێ بێدەنگ جارێ بەهاژە و بە تاو
مۆسیقا بوو بۆ شەو، بەستە بۆ شەوگار
شەوی درێژی هەنسکی بە هاوار
 
زستان:
کڕێوەیە لەو ملانە بەفری شاخ
سپیکاری خۆی گەیانە پشتی باخ
بەفر باری سەرپۆشی کێو نەخشانە
لە کلیلە کێوماڵ کردن گرانە
کێ ئەگاتە دەرەی سەختی پشتی کێو
ڕەز داپۆشرا سەهەن گەیشتە سەر مێو
چ لوورەیە لوورەی بای زەمهەریرە
چیا سپی لووسە وەک چوڕی شیرە
لەبەر دێدا شەڕە تۆپەڵ هی گەنجە
سنگ بۆ کوانوو چۆقە جێگەی سەرنجە
خۆراکی ڕۆژ خواردەمەنی کوێستان هات
بەفر و دۆشاو ڕەش و سپی زستان هات
چلەی جاران شێرە بەفرینەی جاران
کوایت چیت لێهات بۆ چوویتەوە بە باران؟
 
بەهار:
شینی چلە دەستیپێکرد بە تەرزە
ئاوەزێیە چاوی زەوی ئەم وەرزە
قاسپەی کەوە تاریک و ڕوون بەیانی
لەو ملانە موژدەی گزنگی هانی
بای دار ئاووس شنگ هێنەرە بۆ پیشۆک
گێلاخەی سەوزی لەیلاخە هەڵە کۆک
زەردەپەڕە، نێرگسە چاوی زەردە
تارا پۆشە وا چارەیی نە بەردە
لەشکری سوور مەشق کەرە گوڵاڵە
لوولکژەنی دوای نیوەڕۆ شەماڵە
چاوی شینی تێکەڵ ڕەشە وەنەوشە
نیگای مەنگی کراوەیە بێ خەوشە
کوای سای بەهەشت، کوای دیمەنی یەزدانی
کوای چیت لێهات بۆ کەوتیتە نیمانی؟
 
ئەنجام:
ئەی وەنەوشەی شینی بەرگی وڵاتم
کوچک و بەردە ژێر پئی ڕەوتی نەجاتم
هەر کڵوکە شوێن بازرقەی بەهارم
پڕ دووکەڵە جێ دەواری هەوارم
گورچک بڕە چنگی ئاراستەی گیانم
جەڕێنراوە پەتی دەم و زمانم
هەڵ خراوە بە ژمارەی تووکی سەر
تەنافی سفت بۆ گەردنی گوڵ و بەر
کەچی نووزە خەریکە بئ بە ئاواز
جووڵە بزوون ئەوا ئەبێ بە پەرواز