نەوبەهاری
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
3 خولەک
962 بینین
ئەی گوڵی ژاڵە لەگوێی چەم پایزان
ڕەنگت سورمە ڕێژە بۆ دیدەکزان
چاوی ئاواتم ئەوەن لێ کزبووە
هەچ برینێکم هەیە ئاودز بووە
تۆ بە پایز ڕەنگی سوورت سورمەیە
بۆیە شێوەت بۆ خەرامان هەر مەیە
من لە پایزدا بەهارم دێتە بەر
بۆیە نرخی تۆ ئەنێمە تەوقی سەر
تۆ گەڵاڕێزان کە بۆ ئەوسا گوڵی
جامی بادەی لێ تکاوی سەرچڵی
بۆیە هەرگیز تۆ لە بازاڕا کەمی
چونکە ئاوێتەی خوڕی گریەی چەمی
من نزیک تۆ جامی هەڵبەست دائەنێم
هەر لەکن تۆ کەللەیی مەست دائەنێم
چونکە تۆ دەرمانی دەردی تازەمی
تۆ کتێبی پڕ گڕی ئەم ڕازەمی
چونکە تۆ شێوەت بەهاری پایزە
بۆیە چاوە گوڵ ڕنینت لێ بزە
تۆ نیشانەی بەختی ناسازی منی
بۆیە ئیستا هەست و هامڕازی منی
من بە ڕاستی پێت ئەڵێم بادەم ئەوێ
جام لەسەر جام و فرە سادەم ئەوێ
مەستی بادەی هەستی جارانم هەیە
بۆیە ئێستا ڕێز بە خزمانم هەیە
پیت و سامانم هەیە، بادەم هەیە
تا بە دامانم هەیە، سادەم هەیە
گۆشە گیرم چۆن تریکی ژاڵەمم
بەستە بێژی ئەو شەرابە تاڵەمم
بۆیە ئالودەی شەرابی تفت ئەبم
چونکە پاش هاوار هیلاک و کفت ئەبم
هەرچی هاوارم هەیە هەر بۆ مەیە
کەی ئەگاتە بەر دەمم ئاخۆ کەیە
هەرچی هەڵوێستم هەیە هەر بۆ مەیە
چونکە ڕاستی خۆی مەیە بۆیە هەیە
بۆیە ئێستا شاخێ سامانم هەیە
----------------------
بۆیە سەرووم لا پەسەندە و زیندوە
چونکە ڕاستە و بێ گرێ ڕاست هەڵچووە
بۆیە شیرینی بە ژاڵەی تاڵ ئەدەم
چونکە ڕوو زەردی بە ڕەنگی ئاڵ ئەدەم
من لەناو جاما بە دیدار شاد ئەبم
هەر بەبۆنی گیان و دڵ ئازاد ئەبم
مەی لەبۆ من چاکە نەک بۆ دوور لە مەی
گریە بۆ من باشە نەک بۆ دوور لە وەی
کام خوڕەی گریان لەسەرخۆ و هێمنە
پیشەیی خۆمە و لە خەودا هی منە
زۆر دەمێکە گریەکاری ڕێگەمم
زۆر دەمێکە بێ بەهاری جێگەمم
داخی سەد ساڵەی وەها پێڕشتووم
چی ئەمن خۆشم ئەوێت جێی هێشتووم
دەست درێژم بۆ کەلەپچەی مەینەتی
مل درێژم بۆ قومێ زەهری پەتی
چاو لە ڕێگام بۆ چەقۆی سەر گەردنم
گوێ قوڵاغم بۆ هەناسەی مردنم
گریە لای من هی دەروونی مەردییە
چێژی فرمێسک شەربەتێکی کوردییە
مەی کە تێکەڵ بوو فرمێسک شادییە
نەی لە پاڵ بێت، ئەوە ئابادییە
نەی نیشانەی ئاوەدانی دڵمە من
مەی نیشانەی نەوشکۆفەی گوڵمە من
ای محزون نوای ساز کنفارسی
نالە دلسوز آغاز کنفارسی
------------------
گر ز دوریها شکایت می کنیفارسی
بشنو از نی چون حکایت میکندفارسی
و از خدای ما شکایت میکندفارسی