جەمیلی جوانە مەرگ
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
2 خولەک
1271 بینین
جەمیل جوان بوو
جەمیل جوان بوو.. گوڵ وێنەی ئەو ئەنەخشا
وەکو جەستەی لەو هەردانە ئەپەخشا
وێنەی چاوی ئەستێرەکان لە ئاسمان
ئەیانورشان ئەیانپرشان ئەی جریوان
کام شەو ڕەش بوو کامی تاریک و تار بوو
لەو شەوەدا وەکو مۆمێ دیار بوو
بەستەی دەم بوو هەوێن بوو بۆ گۆڕانی
بۆ شەوانی بەهاری نەوجوانی
کەرەسە بوو بۆ هەڵبەستی دڵداری
درەختێ بوو بۆ جریوەی پاساری
مایەی خورپەی دڵی گەرمی نازدار بوو
ساڵ دوانزە مانگ ئەو هەمیشە بەهار بوو
جەمیل پیاو بوو
جەمیل.. پیاو بوو، مەردانە بوو، دلێر بوو
نەترساو بوو، ڕۆڵەیەکی جوانمێر بوو
ڕەوشتی ئەو باخێ بوو بۆ تێبینی
بۆ نیگارێ لەکەم کەسدا.. ئەبینی
ئەو پێوانەی لای زۆر کەسی ئەم کاتە
بۆ دونیایان ڕێگای هات و نەهاتە
ئەو پێوانەی پێی ئەوترئ پارە
لە هەندێ قات بۆ هەندێکیش بەبارە
لای تاقمێ هێز و توانا و کەس بوو
کەچی لای ئەو بە وێنەی چڵکی دەس بوو
بێجگە لەمەش کەم کەس هەبوو وێنەی ئەو
بەرامبەر دۆست بێ کینەبوو سینەی ئەو
بۆ دامانی ڕۆژی ڕەشی تەنگانە
ماڵی سپی ئەو خڵکە بوو ئەو جوانە
جەمیل کورد بوو
جەمیل کورد بوو.. ئاڵودەی تێ کۆشان بوو
بۆ کوردستان گەرم چەک لەسەرشان بوو
لە کاتێکا زۆربەی خڵکی ئەم شارە
لەناو لێدان، حەپس کردن، قەنارە
دەرگای بە ڕۆژ جووت و خڕ دا خرابوو
ماڵی ئەوان لەسەر پشت و واڵا بوو
داڵدەی شەو بوو بۆ هاوڕێگا و هاوبیری
پەنایێ بوو بۆ ڕزگار بوو لە تیری
سوتێنەرە سەوز و وشک بە جارێ
پڕکەرەوەی قوڵپ و چاوەی بەهارێ
جەمیل کورد بوو بۆ ژینی کوردەواری
لە ڕێدابوو نەیئەزانی بێزاری
ئەم دواییەش کە کەوتە دوا هەناسەی
ئەم وشانەی سەری ئەکرد بە تاسەی