پایزی جاران

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  2759 بینین
ئەکەوتە ڕێ هەوری پەڵەی پاراو و تێر
بە فرمێسکی بای بە پەلەی لای گەرمەسێر
تیژڕێ و روو بەپەرۆش بوو بۆ سەر چیا
بۆ سەر پووشی زەرد هەڵگەڕاو.. جاران گیا
جارانی سەوز.. سەر ڕازاوە بە مرواری
بە شەونمی بەهاری لای کوردەواری
جارانی مەست بەبۆنی شەرابی بەهار
پیاڵەکەی پەڵەی گوڵ بوو تا دەم نزار
سنگ کوتەر بوو تەکان دەربوو وەکو لاوێ
لەڕێگای ئاواتی چەن ساڵەی جێماوی
جاران ئاژەڵ ڕووە و پەچە و بەرە و کۆز بوو
ڕۆژگار کورت و چاو خەواڵووی وەنەوز بوو
شوان کۆڕی شەو گەرمکەر بوو بە فووی شمشاڵ
جوڵەی پەدا بە دەماری هەست و خەیاڵ
پاشان نۆرەی بەستەی دەمی هەرزەکار بوو
ئامان ئامان بۆ سرووشتی کردگار بوو
بەستە ئەڵێن ئەوی ئەیڵێن نایڵێنەوە
تا کەیبانوولە فرمانی شەو ئەبنەوە
شەوی جاران شەوگاری پایزی درێژ
تا سوورایی ئەپەڕییە چاوی گێژ و وێژ
بەستە ئەڵین ئەوی ئەڵێن نایجوونەوە
تاکو بێدار لە گریانی شەو ئەبنەوە
شەوی جاران خۆشەویستی دەستی ڕێز بوو
بازووی مەردی لە مل و گەردن ئاوێز بوو
هەستی فرمان ڕێکخستنی ڕێچکەی ژیان
گوزەرانی ئاسوودەیی و ئاڵ و گۆڕی سادە و نیان
یاسایی بە نرخ و گرانی ئەم خەڵکە بوو
بێ فرمانیش فرمانداری ئەو کەڵکە بوو
شەوی جاران شەوگاری پایز درێژ
تا سوورایی ئەپەڕیە چاوی گێژ و وێژ
ئەم وڵاتە پڕ لە پیت و پڕ سامانە
جێگای فەڕ بوو پڕ بوو لە شەقڵی پیاوانە
ئەوا دیسان پایز هات گەڵا ڕێزانە
هەوری پەڵە ڕووە و شاخ بەرەو کوێستانە
بەڵام ئێستا و شەوی ئێستا چۆن بە جۆشکەم؟
گڕی کۆڕی ساردەوە بوو بەچی خۆشکەم؟
شەوگاری تاریک و نووتەک چۆن ڕۆشنکەم؟
ئەم سەرە گێژ و شێواوە چۆن هۆشن کەم؟
ئەی هەورەکە دایڕێژە سەری تشرینە
وادەی پەڵە و ناشتنی تەرمی هاوینە
نۆرەی تۆیە بگری بە سەرهەموومانا
بەسەر ئێسک و پروسکی ڕابردوومانا
بیشۆرەوە با سەر لەدەسی دیاری بێ
با قوڕ خەستبێ بۆ سەری شەرمەزاری بێ