ڕەز

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  1307 بینین
بەهار.. ئەی مەی ئەڵوەن و سادە
نەتدیوە پەترۆی پیاڵەی بادە
جەستەکە شەنگە، هەناسە سوارە
سەر وڕی لەپە، دڵ بریندارە
هەناسە ڕەشە، هەست پڵیشاوە
بانگیش لە بەربین قوڕگا خنکاوە
پێست بەسەر ئیسکا قرچ هەڵگەڕاوە
لەشە، جنراوە... سەرە بڕاوە
لە کوێیە شەراب لە کوێیە شەراب
بۆ لە ئیمە بوو بە رێچکەی سەراب؟
ئەبێ لە کوێ بێ بۆن و بەرامەی
ئەو ڕەنگە ئاڵ و ئەو تفتە تامەی
ئەبێ لە کوێ بێ درەوشەی سووری
ڕووناکی تیشک و بڵێسەی دووری
وا دیارە هەڵپە و ئاوات و ئۆخەی
ئەبێ ببەینە پەنا شوشەی مەی
ئەی گەردەن ڕەوان وینەی نازداران
ساف هەر وەک نیگای چاوی خوماران
بێگەرد هەر وەکو دەروونی مەردان
بێ خەوش وەک گوڵی سای پەنا بەردان
لە کوێیە شەراب لە کوێیە شەراب
بۆ مەزەی، ئەوا، گیان و دڵ کەباب
وا دیارە هەڵپە و ئاوات و ئۆخەی
ئەبێ ببەینە پەنا کووپەی مەی
سەبوو... ئەی کانگەی بیری ئیفلاتوون
پیاڵە وشوشە وا بوون بە هەپروون
وەرن.. هەروەکو ئەستۆی نالەبار
خاشن.. بەوێنەی زنجیری زۆردار
ونن.. بەوێنەی تۆزی با بردوو
تەفرن.. بەوێنەی تۆزی با بردوو
لە کوێیە شەراب ئەوا تاسەی مەی..
هەست نوقوم ئەکا وەک زەریای بێ پەی
ئەی داری مەمک پڕ لە شیلەی ئاڵ
کۆرپەی مێشکی برسی شیری تاڵ
گرۆزە بۆ یەک مژ و یەک دڵۆپ
بۆ شەوی خەیاڵ ببێ بە گڵۆپ
ڕۆشن کا دونیای هەستی من هەر وەک
چرایە بۆ ناو بیرێکی نووتەک
ئای کێ بێ بانگ و هاوار و پەیام
بگەیێنێتە گوێ گۆڕی خەیام
بڵێ.. هەی سەر شێت کوشتەی گڕی تەڕ
گەر تێتا ماوە یەک تۆز نرخ و فەر
تۆ لەسەرباکەی شووشەکەی شکان
لەگەڵ خودادا کردت بە زۆران
هەڵسە بەرە و ئەم ناوە هەڵتووتێ
نەک شووشە شکا وا رەز ئەسووتێ
سرووشت بەپێچە خوار و چەپ گەردە
لە جێ بێ ئاو بێ ڕەقەن و بەردە
لە جێیێ زەوی نەرم و هەڵوڵ بێ
ئەبێ خوڕەی ئاو تۆزێ دەهۆڵ بێ
ئەگینا شەراب لە مامۆستای ماف
بۆ ئەگەیشتە ئەو پەڕ قولەی قاف
قاتی شەرابە گیانی ئیفلاتوون
سەردەرکە هەتا نەبووی بە مەیموون
بەرەو مەڵبەنی کوردستان ڕەوتێ
نەک کووپە شکا وا رەز ئەسووتێ