ڕەشەبا

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  717 بینین
ڕەشەبای تیژ
دەمەو بەهار کوتۆتە دووی
کڵاوی «تۆفی» با بردووی
لە دەم چیا بەرەو پێدەشت
رووەو خوار و بەرەو بای وەشت
توند و بەتاو ئەنرکێنێ
ئەلوورێنێ... ئەگرمێنێ
ئەڵێ.. بەهار بەهاری پار
نەورۆز لەگەڵ شەش ڕۆژی تازە
مەل ئەی خوێن بەستە و ئەوازە
پڕ بوو لە هەڵبەستی تاوەچەم هاژەی
هێجگار بە خوڕ بوو
گۆرانی بۆ مێرگی پڕ بوو
لە بریقەی نێرگزی شەنگ
یا وەنەوشەی چاوشینی مەنگ
بەڵام ئیمساڵ ئەلوورێنێ
ڕەشەبای تیژ.. ئەگرمینی ووردە «مێرو»
ئەبزوێێ
ئەهاژێنێ... ئەناڵێنێ
ئەڵێ ئیمساڵ...
نە ورشە.. نە لوتکەی خاڵ خاڵ
نە پەڵەی گوڵاڵەی قەدپاڵ
نە نێرگسی مەستی چاوکاڵ
نە سۆزی دەروونی شمشاڵ
نایەڵم هیچیان دەرکەون
ئەوەندەی تۆزێ سەرکەون
ئەڵێ ئیمساڵ منی بەفیز
بە وژە یا بە گیزە گیز
ڕێ لە «درەوشە» ئەتەنم
چاڵ بۆ «گەشە» هەڵئەکەنم
کەچی هەیهوو
هەڕەشەی ڕەشەبا وەک «فوو»
یا وەک «کەفی» کوڵی هەڵچوو
وەک سەرابی دەشتی خواروو
هەرچی بڵێ.. بە وێنەی بڵقی سابوونە
خێرا بوون زوو لە ناوچوونە
بەڵێ. ئەم کۆمەڵی خەڵکی ئەم وڵاتە
دەمێکە چاوەڕێی گەیین بە ئاواتە
کە سەری دەرهێنا چووزی ئازاد کردن
کەوتە گۆپکە داری هیوا بۆ بەرگرتن
هێز نییە لەناوەڕاستا بیوەستێنێ
با هەزار هەوری ڕەش بێت و بگرمێنێ