تاوان
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
2 خولەک
1699 بینین
تاوان سەختە، تاوان باری گرانە
بارکردنی لە ئەستۆدا هەرزانە
کام سەرگەورە، کام مل بەرز و بڵندە
کام دەمولێو مەست و پڕە لە خەندە
ئەتوانرێ بە یەک بزەی ژەهراوی
تیری توانج، بەردی تانەی بۆ هاوی
وەک چۆن پووشێ بای تیژ ئەیبا بەپەلە
بەو شێوەیە ناوبانگ بخەیتە مەلە
یا ئەتوانی سەر لە سەرین بسێنی
تووی نەفرەت، بێزکردنەوەی بچێنی
ئەی نازەنین.. ئەی بەرگ ئەرخەوانی
وتەی گەرمم لەگەڵ تۆیە و ئەیزانی
سەوداسەری ئەو گفتوگۆ دێرینەم
لەپ سووتاوی ئەو یەکەم دەسگوشینەم
لەو دەمەوە تۆم کردووە بە تاسە
بێ مەودایە کۆی دووکەڵی هەناسە
بێ دواییە ئەشک با سوور و سوێر بێنایێ لەبن
ئەگەر چی دیدە کوێربێ
ئیتر بۆچی ئەمدەیتە بەر تیغی دەم
هیچ ناترسی بتسوتێنێ هەناسەم
ئەی نازەنین.. ئەی روو جوانتر لە شەسپەڕ
ئەی گوێچکەی دڵ هیچ نەبیستووە تەمەن شەڕ
هێجگارە سەیرە، هەر وەک تەرازوو وایە
هەڵسەنگاندن لە لای ئا ئەم دونیایە
دونیا سەیرە و سەیر شێواوە پۆی کێشان قورس بۆ
زەوی سووک ئەچێ بۆ ئاسمان
زەهر شیرە، مار ئەهێنن، بۆ بێرە
«گا» لە شۆخی و خاوەن خەرمان بۆ گیرە
گورگ پاسەوان، شوان دانی لە گۆشت جیڕە
مر.. بۆ چەقەڵ مل درێژ بێ قیڕە
ئەی نازەنین ئەی بەرگ ئەرخەوانی
وتەی گەرمم لەگەڵ تۆیە و ئەیزانی و لەگەڵ ئەوەی
«دڵ» پەرۆشی رووی ئاڵە
دەروون سەودای لوتکەی بەرز و خاڵ خاڵە
خەیاڵ وڕی بینینێکی چیایە
لەبەر دووری لە مێرگ و سەوزە گیایە
ڕەنگی گەڵایی تێکەڵ بە شۆی نزاران
ئەکسیرێکە بۆ دڵی دەردەداران
بەکورتی.. فەڕ لەگەڵ جوانی وڵاتم
هۆی... تروسکەی ئامانجمە و ئاواتم
کە نەتەوەم گەیشتە دووا مەبەستی
نامەی کردار هەچ کەمی درایە دەستی
ئەوسا ئەگەی لە خەبات بۆ تێکۆشان
کە بۆ کوردە و بۆ ڕزگاری کوردستان