بۆ گیانی غەنی بلووریان
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
2 خولەک
957 بینین
لەو دیو دیوار
کە تاسە ئەیبەستێ قەتار
بۆ دەرەوەی زیندانی تار
هەنگی گیان ئەفڕێ بۆ دوور
بۆ ناو بەهار
وەنەوشە، نێرگس، گوڵی سوور
چریکەی سۆز ناڵێنی نەی
هاژە، خوڕەی ئاوی بێ پەی
زەوی سەوز، ئاسمانی شین
لووتکە سپ، دامێن ڕەنگێن
***
لەو دیو دیوار
کە سەرنج ئەکەوێتە کار
لە شێوەی بەهاری نازدار
ژیان خۆشە
هیوا و هەست و نەست و هۆشە
کێ بۆ ژیان بە پەرۆشە
کام چاو برسی گەشەی گوڵە؟
کام گیان سەودای ورشەی دڵە؟
کام گوێ قوڵاغی ئاوازە؟
پڕە لە هەڵبەستی تازە..؟
ژیان خۆشە...!
بۆ یەکێ جەستە و ئەندامی..
کفتی دارکاری کردن بێ
قەتماغەی کولاوەی زامی
سستی قەپاڵ لێگرتن بێ.،!
بۆ یەکێ.. پێست و ئێسقانی
شەکەتی.. داغ و سووتان بێ
چەرمی ئەستۆ و مل و شانی
لەتی زنجیری گران بێ..
بۆ یەکێ نینۆکی مردن
نزیک دڵی ڕاوەستا بێ
دانی جێگەر پارچە کردن
بە گۆشت خۆی لە هەست دابێ
ئەوەندەی خوێنلێ تکا بێ...!
ژیان خۆشە...
بۆ ژیان چی بە پەرۆشە
یا چی لە هەموویان زیاتر
ئەسووتێ وەک گڕی ئاگر
قاچە، دەستە، لەشی ختاوە
دڵ و سییە یا خود چاوە...؟؟
یا مێشکە..؟
کامیان لەپاش جوڵە نەمان
پاش بوون بە خوڵ
بڵێسەیە بەبێ وچان
لەگەڵ چەرخا لەگەڵ زەمان
ئەگەڕێ هەرگیزاو هەرگیز
مەشخەڵ بۆ هیوای ئازیز..؟
***
ئەڵێن پیرە..
ئەڵێن مێشکە تێیا چەسپیوەو گیرە
بە چەکوش بیقلیشێنێ
ئەم ڕەگ ئەو ڕەگی دەربێنێ
بیسووتێنێ، بیمرێنێ
بیپژێنێ... بێهوودەیە..!
لەم سەرتدا ئەو دیارە
لە جێگەی یەکێ هەزارە!...
***
ئەی چوار سەری ناو زیندانی
کۆنەپەرەستی ئێرانی
سەر زۆر پژا
خوێن زۆر ڕژا
کەچی لە جێگەی هەر سەرێ
سەد سەری تر دێتە دەرێ
لەجێی هەر دڵۆپە خوێنێ
سەد گوڵ سەری دەرئەهێنێ!!...
ئاسوودە بن، زەبری زیندان
هەڵواسین و پەت بۆ خنکان
تەوژمی خەبات لەق ناکا
هێزی تێکۆشان شەق ناکا
ئاسوودە بن، بە کوشتن بێ وە یا مردن
ڕیشەی کورد قەد نایە لە بن