من ئینسانم

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  956 بینین
پێستم ڕەشە وەک شەوە زەنگ
لێوم ئەستوور لچم زەقە
نیگام ماتە وەک گۆمی مەنگ
بزەم نەرم و سەرم ڕەقە
***
من ئێستاش لە هەندێ جێگا
ڕەشیم مایەی تێز و بێزە
لەم کۆڵان بێ و لە ئەو ڕێگا
سپی لێم دوورە پەرێزە...!
***
بەڵام من ئیمڕۆ شێرانە
پێم لە زەوی گیر کردووە
ئەنەڕێنم دلێرانە
زڕاوی سپیم بردووە
***
من لە کۆنغۆ یا لە کینیا
ئەڵێم وەک سپی ئینسانم
دەنگم چوو بۆ بنی دونیا
ئیتر خۆم خاوەن فەرمانم...!
***
من ڕەنگم زەرد و لووت پانم
ڕووم پڕ بوو لە لۆچ و چرچی
تفت و تاڵ بوو گوزەرانم
بەری ژینم هەر بە کرچی
***
دوژمن ئەیبرد منی نەخۆش
جێی زۆربەم بەندیخانە بوو
دیلی ڕژێمی خۆ فرۆش
بەشم هەر توانج و تانە بوو....!
***
بەڵام ئیمڕۆ منی ڕەنگ زەرد
خۆم خاوەنی کار و بارم
سکم تێرە و دوورم لە دەرد
سەرفەرازە لادێ و شارم...!
***
من بووم لە شەش یەکی جیهان
ئاواتم گرتە باوەشم
ڕەگی دوژمنم هەڵتەکان
بە زەبری شۆر و شۆڕشم..!
***
منم لە (چین)، من ئینسانم
منم ڕێکخەری ژیانم
فێرکردنە تێکۆشانم
خۆمم گەورەی نیشتمانم...!
***
منم بە تەنیا و بە تاکی
لێم قەدەغەیە و تاوانە
(دوان) بە وشەی زگماگی
ئەنجامی کۆت و زیندانە...!!
***
منم لە کوێ؟.... لە تورکیا
سەیر گۆڕا ناونیشانم
بە (من) ئەڵێن تورکی چیا
وەک ڕوو چووبێ کوردستانم....!
***
بەڵام... منی کورد ئینسانم
وەکوو تۆ ئەی برای ڕەشم
خاوەنی نرکە و هەستانم
هەر چەندە ئێستا دابەشم
***
منیش وەکوو تۆ ئینسانم
ئەی (کاکە)، ئەی برای زەردم
دۆستی گەلانی جیهانم
ڕۆڵەی مەیدان و نەبەردم...!
***
سا ئیمڕۆ بێ یا خۆ سبەی
ئەگەمە سەودا و مەبەستم
هەڵئەکێشم پشووی ئۆخەی
تێر لەو بایەی کە پێی مەستم