لۆمۆمبا
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
3 خولەک
789 بینین
چۆن ئەژیام...؟
ژیانێکی بێدەنگ و کڕ
بێشکەی ئارام و ئامانم
دارستان بوو
بێ سنوور و زەبەنگ و چڕ
جەنگەڵێکی پڕ سامان بوو
بە فرمان بوو..!
جار جارێ ڕەشەبای بەهێز
هەڵی ئەکرد
زریکەی تۆقێنەرتر لە وێز...!
نەک دار... ڕێکانیشی ئەبرد
کۆرپەی ئەکوشت
خوێنی ئەڕشت..!
یا... جار جارێ دڕندەیێک
لە برسانا... کوشندەیێک
لەناو جەرگەی دارستانێک
دەرئەپەڕی
سکی ساوایانی ئەدڕی...!
دوای تێر خواردن
لمۆزی بە مێشک ئەسڕی...!
وا ئەژیاین
گەورە... بریتی بوو لە هێز
ئەیخستینە جێی بەرز و ڕێز..!
لە پاشا ڕۆژێ لە ڕۆژان
دارستان سەیر گۆڕا بوو
بێ چرکە بوو، بێ سرکە بوو
پڵنگی برسی بەلەسە
بێ نرکە بوو..
بێشکەی زەبەنگی دارستان
دوور بوو لە تۆف...!
لە جەنگی سەختی با و باران
لە هەڕەشەی تیژی ئاسمان...!
لە پڕ زنجیر
لە جێی نینۆکی دڕندە
تۆپ و شەستیر
لە جێی لافاوی کوشندە
زنج سووتاندن
مل پەڕاندن
دوو وشە هات
(یا نۆکەری یاخود مردن)..!
دوو وشە هات زۆر بە کپی
(ڕەش بوو بە نۆکەری سپی)...!
گەردن خرایە ژێر نێڵە
پەل... پاچە و گاسنە و بێڵە
سپی... ڕاوکا
نێچیری مرۆفی قەڵەو
پێ لە داوکا
بۆ سەر بڕین
تۆسقاڵێکیش
نەفرەت، بێزاری دەربڕین
ڕق تەواو کا...!!
قامچی ئاراستەی هەستاو کا
پەت بخاتە گەردن و مل
لەسەر ئاوازەی هەڵپەڕین
(دڵ) بکەوێ لە جووڵە و پل...!!
بیخنکێنێ.. بیسووتێنێ
لەبەر ئەوەی (خودای ئاڵتوون)
لچی لێ هەڵنەقورتێنێ
وا ئەژیاین
لەگەڵ ئەم ناهەموارییەش
نەئەگریاین..!!
هەتا ڕۆژێ
تەپ و دوو کەوتە سەر ملە
دەنگی تەپڵ
جۆشی ئەسەن پلە پلە
شێر نەڕاندی.
پڵنگ بازرەقەی لێ بەست و
زریکاندی.
دارستان دەنگی دایەوە.
ئاگر
لەملاو لەولای وڵات کرایەوە..!!
پۆلە مەلی (تەرەی) کوشتار
گەڕایەوە..!!
وتی... بە دەنگێکی زۆڵاڵ
ئەی گەورەکان
پیاو خۆرەکان...!!
ئەم ئەستێرەی مرۆڤدارە
جێگای گشتە... هی هەر چوارە...
وتی ئا ئەم دەشت و کێوە
تەرخان نەکراوە بۆ ئێوە
دروست نەکرا بۆ سوپاتان...!
ببینبە خۆڵی بەر پاتان..!
بۆیێ ئاگر، گوللە و بۆمبا
ڕووی کردە مەرزی (لۆمۆمبا)
بۆیێ لۆمۆمبا ئەکوژێ
ئەزانێ (ڕێگا و ڕێبازی)
ئەبێ بە چەک
لە بەرامبەری ئەو دەستەی
خوێن ئەمژێ..!
بۆیێ (کەڵبەری) وەکوو چۆمی
ئاراستەی سووچێکی لەشە
دوژمن وتی... وەک تۆم هەبێ
ئاواتیان... پەرت و دابەشە
بویێ (مۆبۆتۆ) ئەهێنێ
ئەزانێ و باشیش ئەزانێ
کە سەگ بەزەبری کلکێتی
لوولاق و ئێسقان ئەشکێنێ...!
وایە ژیان...
ئەی لۆمۆمبای هەموو گەلان.
ئێمەش لە خاکی کوردستان.
ئەتکەین بە بەستەی سەر زمان
ئەتکەین
بە پەیکەرێکی بەرز بۆ تێکۆشان..!
بۆ.. ڕزگار بوون
بۆ... بەگژ داگیرکەرا چوون...!
تۆ... نەمردووی
وای لە دڵا
لە دڵی هەزاران گوڵا
وای لە ڕۆژا لە ناو مانگا
وای لە ناو تیری برژانگا
ئیمڕۆ سبەی
برژانگمان ئەکەین بە خەنجەر
ئەیدەین لە پشتی داگیرکەر