دڵی بولبول لە دەوری باغی گوڵ یاری نەکا چ بکا؟

لە کتێبی:
دیوانی سافی هیرانی
بەرهەمی:
سافی هیرانی (1873-1942)
 1 خولەک  2328 بینین
دڵی بولبول لە دەوری باغی گوڵ یاری نەکا چ بکا؟
لەتاوی غونچە هەردەم شیوەن و زاری نەکا چ بکا؟
زەمانی لەززەتی ڕۆیی و دەوری زیللەتی وا هات
ئیتر یاران لەمەولا ڕوو لە دڵداری نەکا چ بکا؟
لە ئاهی گەرمەوە وا لێوبەبار و هیشکە ئێستێکە
لە عەینی چاوەکانی خوێن و ئاو جاری نەکا چ بکا؟
شەوی هیجران خەیاڵی یار دەکا ئەسڵا خەوی نایێ
بە یادی ڕۆژی وەسڵی حەز لە بێداری نەکا چ بکا؟
بە کوفری زولفی ڕێی ئیسلامی بەستووە بۆیێ دڵ ئێستێ
وەکوو سەنعانی دائیم مەیلی زینناری نەکا چ بکا؟
دڵم عەیبی نییە گەر ڕووی زەوی تەڕ کا بە خوێنی ئەشک
بە ئاهی دوودناکیش ئاسمان تاری نەکا چ بکا؟
لە لایێ فیرقەتی یار و لە سوویێ میحنەتی ئەغیار
لە هەر دوو لا دڵی مسکین ڕەجاکاری نەکا چ بکا؟
هەوای یاری لە سەر دەرناچێ ئەسڵا لەو جەفای دووری
دڵی بێچارەکەم هەردەم وفاداری نەکا چ بکا؟
ئەگەرچی بێوەفا یارم جەفای دا ئەو دڵی مسکین
وەکو سافیناسناوی ئەدەبی لە بەدبەختی فیداکاری نەکا چ بکا؟