جەزائر

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  858 بینین
با ڕەهێڵەی دەسڕێژی تیژ
گوللەباران
بیوەرێنێ
گەڵای تەمەنی لاو و کیژ
دوای بۆردومان
کە سووتا درەخت و گیا
دەشت و چیا!
کە بوو بە کۆمەڵێ ئاگر
یا بوو بە کۆمەڵێ پشکۆ
لاشە و دەست و سەر و ئەستۆ
یا بوو بە کۆمەڵێ خەڵووز
مەلۆتکەی منداڵی ساوا
لەبن خانووی هەڵوەشاوا
هیچ نابینێ
دووکەڵ نەبێ
باڵ و جەستەی پەل پەل نەبێ
یا هەناسەی نووزەڵ نەبێ
کەچی ئەو خوێنە ڕژاوە
ئەو ئێسک و گۆشتە سووتاوە
ئەو قوڕگە نووزە تیاماوە
ئەبێ بە دەم
بە هاوارکردنێکی کەم
هێندەت زانی
قەد پاڵ و لووتکە و ئاسمانی
ئەو وڵاتە
پڕە لە چاو
پڕە لە قین
لە هست و لە جۆش و لە تین
مەرز و بووم پڕە لە ورتە
بن دارە و پڕە لە خرتە
لە پڕ،
هێرش بۆ سەر دوژمن
تەقە و هاوار
ئەشڵەقێ گۆمێکی بێ بن
یا بە تەوژمی پەلامار
ئەپەڕێ مل، سەر و گەردن
یا تەقەی مێشکی بەتەور
ئەگاتە ناو دووتوێی هەور
یا پەنجەی سەر مشتووی خەنجەر
ئەگاتە سەر پێستی کەمەر
یا گوللەی کوڵ
 
زرمەی بێدەنگی ئەدڕێ
نەک سێ، شەش و حەوتێ ئەبڕێ
***
ئەی گەلی جەزائری جیڕ
منیش وەک تۆ
لە (سەلماس) و (چهریە) و (خۆ)
یا خۆ لە (وان)
لە (باشقڵە) و دەشتی (بۆتان)
لە (ئاگری داغ) یا لە (دەرسیم)
دوژمن، تێر خوێناوی مژیم
تێر سووتانی
تێر برژانی
بەڵام وا ئەو گەلە جیڕە
ئەو سەرسەختە
سەرنجی ئاراستەی
چاوەڕێیە
وەک تۆی بەکێش
ژیلەمۆی ژێری خۆڵەمێش
بەبای خەبات بێتەوە گڕ
وەک تۆی لە پڕ
شەبەیخوون لە دوژمنی کا
بەیەکجاری سەرەوبنی کا