دەمی بەهار
بە بۆنەی هاتنەوەی قارەمانی کورد جەنەڕاڵ موستەفا بارزانییەوە وتراوە
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
3 خولەک
1390 بینین
دەمی بەهار
بەهاری دیارە و دیار
مەست بە یادی زێڕی گزنگ
کاتی ئاورنگ
هەر یەک نمی
لەسەر گیا
هەر حەوت ڕەنگەکە ئەنوێنێ
ڕێچکەی چیا
بەرگی بەڵەک ئەنەخشێنێ
هەنگ ئەفڕێ
بۆ مژینی هەڵاڵەی گوڵ
ڕێ ئەبڕێ
بۆ ناو بەهار
بەهاری دیارە و دیار
کاتێ ئاسمان
لەگەڵ نزار
بەبێ وچان
ئەکەونە بەراوردی ڕەنگ
نزار ئەڵێ:
بەهار سەوزە
منیش سەوزم
تۆ چیویتا بگەوزە
ڕەنگت شینە
وەکو وەنەوشە ڕەنگینە
ئاسمان ئەڵێ:
هەتا زووە
سەری خۆت هەڵگرە و هەڵێ
من نیگاربەخشی سروشتم
ئەوەندەی تۆسقاڵێ بۆیە
لەهەر جێیەکا ڕشتم
مایەی سرنجدانی تۆیە
ئەوە کانی،
ڕووبار و گوڵ
باڵندە بەتاکە و پۆل پۆل
دوڕڕی تەماشاکردنن
گێژی ئەو دیمەنە شینەن
ئەوقی ڕۆژ بەسەر بردنن
دۆش داماوی ئەو بینینەن
بۆ ناو بەهار
بەهاری دیارە دیار
کام بەهار؟
کام جێگایە؟
هەلبەنی ئەم گفتوگۆیە
یا کام شوێنە
کە بەهار بەم چەشنە جوانە
یا کام نوێنەکە باسەکەم تیا میوانە؟
وڵام: وڵات کوردستانە
بەڵام جێگاکە بەرزانە
کاتێ دایک چاوی ساوا
بە گڕی تۆپ ئەپشکوێنێ
دەسرازەی ئارامی کورپە
بەبای شیلا ئەجەڕێنی
دڵی خستنە جووڵ و خورپە
بەگەرمەی بۆمبا و نارنجۆک
ئەبزوێندێ
ئەسووتێ
دار بەری کاڵی ئەوەرێ
دووکەڵ بەری ئاسمان ئەگرێ
مەل ئەتەرێ
گوڵ، ئەگەر ڕەنگی سپی بێ
ئەبێ بە شین
بە وێنەی شاخی دەماوەن
چیای شیرین
تەمومژ تۆسقاڵی سووتان
ئەنێری بۆ گشت کوردستان
ناچار دایک، بۆ بەخێوکردنی کوڕ
بۆ ژیانی، بۆ بەیانی
ئاواتی دەروونی بڕی
ئەبێ بگەڕێ بۆ ژیان
بۆ هەڵسووڕان
ئەبێ بگەڕێ بۆ ژیان
بۆ کوردستان
ئەبێ بگەڕێ بۆ ژیان
ئەبێ کۆرپە بەخێو بکا
نە شاخ بکا نە شێو بکا
چی لێ بکا؟
ئەیێ ڕۆڵە بابە دایەن
ئەوانەی بۆ ساوا سایەن
بە کام دایەن؟
ئەیدا بە دایەتی خەبات
بۆ ئەوەی بگاتە ئاوات
کوڕ ئەکەوێتە مەیدانی
پاڵەوانی
لەگەڵ کۆمەڵێ ئینسانی
نیشتمانی
ئەبێ بە جەنگ
ئەبێ بە شەڕ
کوڕ هەر وەکوو شێرێکی نەڕ
ئەڵێ کوردم
نەوەی کاوەی قارەمانم
من ئینسانم
ئەمەوێ وەکوو ئینسانی
ئەم دنیایە
وڵاتی خۆم
چی تێدایە
لە خێر و بێری سامانی
زەوی و کانی
بۆ برا و خۆشکەکانم بێ
بۆ بەرەی ڕەنجی شانم بێ
بەڵام دوژمن
هەر وەکوو سەگێکی نەوسن
ئەکەوێتە ئێسک خواردن
ئەڵێ مردن
ئەڵێ سووتان
ئاوارە بوون
ئەڵێ وڵات بە جێهێشتن
بۆ تۆ و بۆ هاونیشتمانت
بۆ تۆ و بۆ خێزانەکانت
بۆ ناو بەهاربەهار بەهاری دوانزە مانگ
بۆ جێیە ئینسانەکانی
کامەرانی، وەکوو برژانگ
چۆن پەرژینە بۆ گلێنە
ئا لەو شوێنە
شادمانی
پەرژینی چڕە بۆ ئینسان
بۆ نیشتمان
لە پڕ دەنگێ
لە نەی گەلێ خۆشتر بۆ گوێ
لە چرا ڕووناکتر بۆ ڕێ
لە ئارام نەرمتر بۆ جێ
بەبێ بڕانەوە هەردێ، ئەڵێ:
عێراق جمهوریە
ئازادیە سەربەستیە
دنیایەکی پڕ ئاشتییە
بەڵێ، ئەوا چواردەی تەمموز
دوژمن ڕما
ناوی نەما
ئەوا کۆرپەی ئاوارە بوو
ڕووکەرە وڵاتی باوک
بۆ میللەتان
کەوتوونە ڕێ
بۆ کوردستان
ئەوا شیرین
قەندیل و هەڵگوردی
نەخشین
ئەوا شاکەل و شێروانە
تێکڕا وا زەماوەندیانە
هەڵئەپەڕن
بەڵام هەڵپەڕکێی شێخانە