بەستەی دڵ

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  1330 بینین
بۆ بخوێنە، ئەی بولبولی ئاوارە
بەستەی دڵی، سەرمەست و گەشکەدارە
بەستەی دڵی، پڕ هەست و پڕ تریقە
مەستی کاتی، لە هاویندا بەهارە
بەستەی کاتی چیمەن بە فڕ بەشەوقە
ئاسمان بووک و ئاوێنەکەی نزارە
مەستی کاتی، شادی ئاڵ و ڕازاوە
(گور) کراوەی هەڵوەشینی ئازارە
مەستی کاتی، چرۆی نیازی چەند ساڵە
ئێستە گوڵە وئەو خۆی خاوەن گوفتارە
مەستی کاتی، برین دەمە و ئەجۆشێ
نەک بۆ تۆڵە، بۆ کرداری بێ دارە
برین دەمە و دەمیش پڕ لە هاوارە
ئەڵێ ئەمڕۆ گەل کارەکەی بەردارە
قوربانت بم، سەرکەوتن زۆر گرنگە
گرنگتر لەو، (پاراستنی) دژوارە
با توولەمار لە ژێر پێدا هەپروون بێ
بەرڵام لەوبەر زیتەی چاوی ڕەشماوە
زیتەی چاو وتیژکردنی ددانە
کلکەلەقێ و مڕەی مام ئیستیعمارە
بۆم بخوێنە ئەی بولبولی ئاوارە
بەستەی دڵی سەرمەست و گەشکەدارە
بەستەیەک بێ پشوویەک با بەجەستە
بە هەر لەشێ بریندار و زامارە
بیدا بە گەل، بە خاک و نیشتمانی
بە کوردستان بەم مەرزە خۆش گەوارە
بەستەیەک بێ گوێ پڕ بکا لە ورشە
بڵێ شادی لەجێی نووکی جەخارە
بڵێ لەجێی پەت و داری قەنارە
وا ناشتنی چنار و دار هەنارە
بڵێ لەجێی دەردیسەری و بێکاری
مێرگی ئێش و هەڵبەستی ڕوپارە
بڵێ لەجێی چەرمەسەری و بێزاری
شادومانی و کامەرانی ڕێبوارە
بڵێ لەجێی بێ بڕوایی و ناکۆکی
کاروانەکەی یەکگرتنە و قەتارە
بەستەیەک بێ ئەم خەڵکە هەڵسەنگێنێ
دوورەپەرێز ڕابگرێ بێکارە
بەستەیەک بێ بڵێ وەتەن سەربەستە
گەلیش ئاوا ئازاد و بەختیارە