شەبەق

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 1 خولەک  1015 بینین
شەبەق ڕەنگەکەی سوور و خوێنینە
موژدەی ڕووناکی ڕۆژگاری ژینە
بۆ لەشی کش و ماتی بێ دەنگێ
(دەرزی) جووڵەیە و ئاگری تینە
بۆ جەستەی کفتی ئازاری مەینەت
مەرهەمی شەوق و دەرمانی بینە
بۆ دنیای (تاری) دەستەئەژنۆیی
بووکی مورادی سوار بووی زینە..!
بۆ گیانی تاڵ و درێژی شەوگار
شەکری هیوا و شانەی هەنگوێنە
بۆ خانەی پەست و قووڵی مەلوولی
چەپکی گوڵێکی بە پێکەنینە
بۆ چاوی قورس و خەواڵوی سستی
بروسکەی تیژی ڕاچڵەکێنە..!
شەبەق بۆ دڵی ڕەشی تاریکی
تیرێکی تیژ و سەخت و ژهرینە
بۆ گیانی قورسو خوێناوی ستەم
تیغی دوودەمی مشت ئاسنینە
دە ئەی شەبەقی شادامانی کورد
هەڵبێ... کوردستان چاوەڕێی تینە