هاوڕێم حەسەن
ئەی کۆچی پڕ لە ناڵەسۆز بۆ گەڕووی شمشاڵە
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
2 خولەک
929 بینین
هەڵڕێژی هەنسکی قووڵ
بەرد بێنێتە جم و جووڵ
داری گریان بنێژێ..!
ڕەشی بەشار بپۆشێ
بۆ (حەسەن) بێتە جووڵە
بۆ ئەو هەنسکە قووڵە
ئەی کۆچی پڕ لە ناڵە
سۆز بۆ گەڕووی شمشاڵە
کە بەرد بێنێتە دوان
یا بە ئەسرین یا گریان
بپرسێ سۆراخی ئەو
لە ئەستێرەی نیوەشەو
سوراخی ئەو نازدارە
ئەو لاوە بریندارە
کەی ئەگاتە ئەم شارە
ئەم خاکە مەینەتبارە..!؟
کێ ڕاسپێرین بەپەلە
کام باڵدارە، کام مەلە..؟
یا کام پۆلە مەلی ناو
ئاسمانی شینی هەساو
یا کام پەڵە هەوری دوور
کە با ئەیبا سەرەوژوور
یا با ئەیان تارێنێ
بۆ ئەم لاولای ئەفڕێنێ
باسێکی (حەسەن) دێنێ
هەست لە مشتمان ئەفڕێنێ
تەززوو ئەدا بە ناخمان
بە جگەری پڕ لە داخمان..!
ئەی کۆچی توون و تاریک
بڕندەی قەدی باریک
حەسەن.. هێجگار شیرین بوو
هاوڕێی وەنەوشەی شین بوو..!
هەودای ڕۆشنایی ژین بوو
خۆشەویستی نەسرین بوو..!
بیر و بڕوای ڕووناک بوو
دەروون بێ گڕێ و پاک بوو
هەستی پڕ بوو لە جوانی
لە یادی نیشتمانی
هەرچەن لە وڵات دوور بوو
بۆ وڵات گڕی سوور بوو
دئەسووتا بۆ ڕووناکی
بۆ کوردستان، بۆ خاکی..!
بۆ نەتەوەی هەژاری
جەستەی پڕ لە ئازاری..!
ئەی کۆچی پڕ لە ناڵە
سۆز بۆ گەڕووی شمشاڵە
کە گڕ بە شیوەن خۆشکا
باڵا بە خاڵک ڕەشکا
هەوری خەفەت بهێنێ
تۆی مەینەت بچێنێ..!
دەسمان پێ باتە خامە
کام دێر بەردەوام زامە
بنووسین بۆ حەسەنمان
بۆلەناوچووی وەتەنمان
بۆ گوڵێ کەم تەمەن بوو
وەک ژینی یاسەمەن بوو