گوڵی ئاوات

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  2716 بینین
ئەی گوڵی ئاوات، گەشەت بێ و پێکەنە
نەختێ نرخ و فەڕ بدە بەم چیمەنە
گیان پەرۆشی بۆنی ئێوارانتە
سەر پەرێشانی پیاڵەی گوڵشەنە
بۆ مژی جامی لەبا لەب ئاڵتە
لێوی ناسۆرم بەبار و وشکەنە
بۆکز و سیس و لوول و بێ گەشەی
ڕیشەیی تورا و تاڵیت هەڵکەنە
کوا لە کوێیە بولبولی سەوداسەرت
بۆچی بێ ئاواز و یۆزی دەگمەنە
***
گوڵ وتی ئاسمانی پاکی نیشتمان
پڕ تەم و هەوری بەد و ناڕەسەنە
وا لەژێر تینی گڕی داگیرکەرا
هەردەیی ڕەنگینی خاکم ڕووتەنە
-----------دەقی نائاشکرا
هەر زڕەی زنجیر و زرمەی پێوەنە
سەیری پەنجەی دوژمنی تینوو بەخوێن
نەو گوڵی لاوان ئەکاتە دەسکەنە
من ئەڵێم ئەی گوڵ گەشەت بێ و پێکەنە
نەختێ نرخ و فەڕ بەم چیمەنە
پێکەنە خوێنی ڕژاوی میللەتم
با لە پێ بگر ئەوی لێم دوشمنە
پێکەنە ئەمڕۆ لە جێگەی دەست و پێ
بۆ قەفی زنجیری دوژمن گەردەنە
وا بە خوێنی ئاڵی بێگەردی شەهید
شەو ئەڵێی ڕۆژی ڕەوان و ڕەوشەنە
پێکەنە وا تیشکی ڕۆژی ڕاپەڕین
هەر لەسەر لووتکە هەتاکو دامەنە
تۆ تەماشا بەردی دەستی میللەتم
بۆ سەری ماری ڕژێمی بۆگەنە
سەیری کۆسپی ڕێگری ڕێگەی خەبات
جێگە پاچی میللەت و لووتی شەنە
پێکەنە ئەی گوڵ ئەوا ئاسۆی نەجات
خۆ بە خوێنی ڕۆڵەکانمان ئەڵوەنە
موژدە بێ هەر هاکە ناقووسی بەیان
دەنگ و ئاوازی گەیی بەم مەڵبەنە