گواتیمالا
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
2 خولەک
966 بینین
پرشنگێکی درەوشەدار
پریسکی ئەڕوا شارە و شا
بگاتە هەچ لووتکە و چۆڵێ
گەڕوویێ، چاوەیێ دۆڵێ
گوڵی سیسبووی گەرمای ستەم
ملی کەچی ژێر باری خەم
ئەیهێنێتە بریق و هووڕ
ئەیکا بە گەردنی بلوور...
ئەو پرشنگە هەر چەندە وا
سەری هەڵدا لە ڕۆژئاوا
بەڵام ڕووناکیەکەی هەرگیز
ناپرسێ هاوین و پاییز..!
لە ڕۆژئاوا تا ڕۆژهەڵات
ڕووناکیەکەی (تەم) لا ئەبات..!
گوێ ناداتە (ڕەگەز).. نەوە
سپی بێ ڕەش بێ.. هەر ئەوە
گەلن.. گەلان ئەوەی ئەوێ
ژینی ئاسوودەی دەسکەوێ..!
چنگی چەوساننەوە و ئازار
ببڕێ، دەستی نالەبار
پەل کرێ، تۆزێ نەمێنێ
گەردی بە دوو چاو ببینێ
ئەو پرشنگە گڕێکی سوور
ئەخاتە ناو ئاسمانی دوور
ئەنووسێ.. ئاشتی، ئازادی
گەشەی ڕزگار بوون و شادی..
گەیشتۆتە سەر وڵاتێ
بە ئاستەم دەنگی ئەگاتێ
هەر وەک گوڵی بەردی ناو ئاو
دەور پشتی هەموو تەنراو
بە شەپۆل و دڕکی دڕ
بە زەلکاو و چقڵی چڕ..!
ئەو وڵاتە هەر چەن دوورە
بەڵام هێجگار پشت ئەستوورە
سا ئیمڕۆ بێ یا خۆ سبەی
کە چاوەی (ڕق) هاتەوە پەی
لە بن هەر دارێ، بن بەردێ
لەسەر هەر هەردێ یا وەردێ
گوڵانی بە خوێن ئاو دراو
ملانی بە دارا کراو
ئەو (پرشنگە) دێنەوە جۆش
ئەکەونە جۆشش و خرۆش
منیش لەم خاکە دیلەوە
بە دەم ئاوازی زیلەوە
ئەڵێم نیشتمانی خەڵکی
خێر و بێر و فەڕ و کەڵکی
ئەبێ بۆ خەڵکەکانی بێ
بەری بۆ ڕەنجی شانی بێ