نیگایەکی شین

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  1022 بینین
چنگێکی ئاسنینی ڕەش؛ ڕایکێشاوم
لەچوار دیواری قووچ و کەش؛ خزێنراوم
ئەوەندەی کەللەی بێژنی؛ ئاسمانی شین
چاوی وەک کونی سووژنێ؛ پڕ قارن و قین
ئاراستەی ناوچەوانم و؛ دوو چاومە
ڕێگری شیعرەکانم و؛ هەنگاومە
وێڵئم بە دووی پرشنگێکا؛ گەش و ئاڵە
بە دووی ئاوازی زەنگێکا؛ زۆر زۆڵاڵە
لێم دیار نییە پرشنگەکەی؛ ناگاتە جێم
لێم ونە زڕەی زەنگەکەی؛ نایەتە گوێم
لەو دیو دیوار لەو دیو دیوار؛ کاتێ گزنگ
ئەکەوتە سەر مێرگی بنار؛ لەگەڵ ئاورنگ
لەو کاتەدا نیگای چاوی؛ سەر گێژکەرم
یاخۆ بۆنی زوڵفی خاوی؛ ئاگا بەرم
دایئەخورپان دڵی سووتاو؛ تاسەی بە گوڕ
سەری ئەکرد لە هەر دوو چاو؛ فرمێسکی خوڕ
لەو کاتەدا من پەتیارەی؛ شێوەیی بووم
بۆیەی سووری ئەو نیگارە؛ تێی هەڵئەسووم
لەو کاتەدا من ئەمەویست؛ ئەو ئاوازە
ئەوەی بە گوێی دڵم ئەمبیست؛ ئەو پەروازە
هەر لە دوورەوە نیگاری؛ وەک گڕی سوور
وەک ئەستێرەی گوێی کەناری؛ ئاسمانی دوور
تاو تاو بە جریوەی دووری؛ بملاوێنێ
دڵی ڕاهاتووی ڕەنجووری؛ بهاژێنێ
بناڵێنێ تا دوا نووزەی؛ گەرم و بێ باک
تا ئاوات ئەو کۆرپە و چووزی؛ ئەکرد بە خاک
وا من کەوتوومە ئەو دیوی؛ دیواری قووچ
ئەو ئاواتەی هەمبوو ڕۆیی؛ ئەویشم پووچ
لێم ناگەڕێ.. لێم ناگەڕێ؛ یادی دەنگی
گەیشتە گوێچکەی دڵ کەڕێ؛ شێوەی شەنگی
ئەوا نیگایێکی تازەی؛ شینتر لە ئەو
پچڕانی لۆلۆی دەسڕازەی؛ ئارام و خەو
لێم ناگەڕێ.. من نازانم؛ پەنای سروەت
بۆ گوێ باری شانم؛ دەستی ڕێکەوت
هەستێکی باڵ شکاوم بوو؛ ئەویش نەما
کونجێکی پڕ لە داوم بوو؛ کە چی ڕما..!
ئەی نیگای مەنگی بێ دەنگی؛ دوو چاوی شین
تیری برژانگ و خەدەنگی؛ پڕ تاب و تین
لێم گەڕێ بەشقی ئەو دەستەی؛ تۆی وا خوڵقان
ئەو دەستەی ئەو باڵا و جەستەی؛ تۆی وا نەخشان
تا لە ناو زیندانی تارا؛ دووری لە ئاسۆ
لەگەڵ درێژەی شەوگارا؛ بە یادی تۆ
کەی تاریکی یا شەوەزەنگ؛ شەبەقی سوور
کردی بە ڕۆژگارێکی شەنگ؛ تۆ دوور بە دوور
بیتری و کینە شینی نیگای؛ بەرامبەرم
بیکە بە قیبلە و سوجدەگای؛ گیان و سەرم