گەشتی
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
3 خولەک
1659 بینین
ئەی تریفەی مانگە شەوی زیوینی ئاسمان
بۆ بە تۆسقاڵ جار بە جارێ خۆت ئەدەی نیشان
دەریکەوە ڕووناکی پاک بەرە سەرینم
بۆم ڕووناک کە زیندانی تار ژووری کەمینم..!
ڕازایەوە دیواری پان ڕێچکەی زنجیری
دەم کراوە و عەزرەتییە لەش (منم نێچیری)
زۆر گیانی سەخت، پێستی ئەستوور، مەچەکی پتەو
لە شەڕا بوون لەگەڵ ئاسن بە ڕۆژ و بە شەو
لە ئەنجاما.. قەفی زنجیر.. هەڵقەی قولاپی
وزەی شووڵ، دانە چیڕە و بڕەی خراپی
ورد ئەبوون و هیلاک ئەبوون بە دەستە و ڕسان
لەبەر ڕەقی دڵی پۆڵا و ڕاوەستانی گیان
منیش ئاسۆی سووری هیوای جێگیری دڵم
گەشەی ئەدا بە ئاوات و جۆش بوو بۆ کوڵم
ئیتر زڕەی زنجیری شەو تەقە و ڕەقەی ئەو
ئارامێ بوو بۆ شەوگارم یا بۆ پرخەی خەو..!
تۆم لێ دیاری (کولووی لۆکە) مەلی ئاواتم
گوڵی هەردەی ڕەنگینم و بەر و بەراتم
بۆ ئەوەی تۆم بێیتە باوەش دەمی کراوە
بۆ خواردنی جەستە و لەشم پڕ لە شاڵاوە
بۆ ئەوەی تۆ باڵی زێڕین بکەی بە سێبەر
لە ژێر باڵتا، سەربەستی بێ و سەرچاوەی هونەر
بۆ جۆگەلەی ڕوون و ساردی گوڵی کوردستان
گەشە بکا و بۆنی خۆشە بگاتە ئاسمان
نەتەوەی کورد دەس لەناو دەس لەگەڵ براکەی
هاوڕێی جیڕی تێکۆشان و ڕەفیقی ڕاکەی
بەرامبەری داگیرکەری هەر دوو نەتەوە
ئاگر کەری توونی شەڕ و چەوسێنەرەوە
بجەنگن و هەنگاو بنێن بەرەو ئازادی
بەرەو ڕۆژی ڕزگار بوون و بەهەشتی شادی
ئەوا زنجیر، ژووری تاریک، تارمایی زیندان
هاودەنگمە و مۆسیقامە بۆ شەوی لێدان..!
تۆم لێ دیاری مەلی ئاشتی و ئازادی ویستن
چەن قورس بێ و هەڵقەدار بێ زنجیری گەردن
داینابڕێ ملی بەرزی خەبات و ویستنم
ناینەوێنێ ڕەقی پشت و ڕاستی گەردنم
ئەی بولبولی شەوانی بێدار تا بەری بەیان
تۆ بۆ من و منیش بۆ تۆ ئەبین بە نیشان
ئەوا ئێستا پێچەوانە من لە جیاتی تۆ
لە قەفەسدام، ئێشک چێتی گرتۆتە ئەستۆ..!
بۆم بخوێنە منی نەخۆش، منی دەردەدار
چەشی ئێش و نەهەمواریم هاوڕێمە ئازار..!
ئەی گوڵەکەی ڕەنگ پەمەیی سەرداری ژاڵە
وەک بیستوومە ڕەنگ شیرین و چێشتنت تاڵە
بەڵام تاکوو ئەم قسەیە.. کامە عەشقی گوڵ
توانیوێتی دەستی (نیاز) بێنێتە سەر دڵ
کام ئاشق و کام پەرۆشی ڕوخساری شیرین
گەیشتۆتە هیوای سەواد و ئامانجی زێڕین
ئیتر با تۆ تا ئێوارە بەم تام ناخۆش بێ
کە بەشێوە جێگای سەرنج سەرمایەی جۆش بێ
تا ئەو ڕۆژەی چوار ئێسکەکەم ئەخرێتە ناو چاڵ
بۆ گوڵی ڕووت ئەسووتێم و ئەبم بە زوخاڵ..
بەڵێ دەردم زۆر گرانە، پەرۆشە گیانم
بۆ هیوایە بۆ ئامانجێ بەندی زیندانم
بەڵام نە دەرد نە نەخۆشی نە زنجیری دەست
بە قەد موویێک پێم لائەدا لە ڕێگای مەبەست
زۆر مێشکی بیرکەرەوە لە دواڕۆژی ڕوون
هاڕابوون و لە ژێر پێدا بوون بە هەپڕوون
منیش یەکێ لە دوای هەزار، لە پاش ملیۆنێ
دەستی گەرمی خەباتکردن دا ئەوەشێنێ
هانم ئەدا بۆ کۆڕی سوور کۆڕی تێکۆشان
نە ترسم بێ لە ئازار و لە قووڵی زیندان
بگەمە جێ.. ئاشتی وەک ڕۆژ دەرخا هەتاوی
قاقای نازدار، هاژە هاژە و خوڕەی چەماوی
ناو قەڵبەز و چیا و دۆڵی خاکی کوردستان
توانج بدا لە ناڵەی نەی لە سۆزی کەمان
پۆل پۆل مەلی ئاشتی جوانی ئاسمانی شینم
سێبەر بکا بۆ چیمەن و گوڵی نەخشینم
ئەوسا من و گوڵی ژاڵە و بولبولی ناکام
حسابێکی ورد ئەکەین و ئەگەینە ئەنجام