لاوک

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 3 خولەک  1230 بینین
کیژ:
هۆ کاکەی شوان، کاکەی ناو شاخ
چاوەڕێی سۆزە، گوڵی باخ
ڕاوەستاوی سیحری فووتن
ئاوارە و سەرسامی خووتن
هۆ کاکەی شوان، کاکەی قەدپاڵ
کەرەک لەبەری پشتێن شاڵ
لاکەرەوە بڕوانە دوور
بڕوانە دەشتی سەوز و سوور
بڕوانە بریقەی نزار
بڕوانە دەریای لالەزار
بیانهەژێنە بە شمشاڵ
بیانهێنەرە ناڵە ناڵ
شوان:
هۆ کیژی شەنگ، هۆ کیژی شەنگ
مەیفڕێنە خەیاڵی مەنگ
مەستی بۆنی گیای شاخانم
گێژی بریقەی داخانم
سەرسامی چریکەی بەردەم
ئاوارەی گوڵاڵەی هەردم
شەکەتی ڕۆژی بەهارم
تینووی خاڵ خاڵی نزارم
دوای پەپوولەی ڕەنگین کەوتووم
بۆم نایە فووم، بۆم نایە فووم
کیژ:
هۆ کاکەی شوان، کاکەی ماندوو
ماندووی ڕۆژگاری ڕابردوو
بەس ڕایوەشێنە گاڵۆکت
بەس لە دڵ گیرکە نینۆکت
دەم بخەرە سەر خونچەی دەم
با بپشکوێ گوڵی ناوچەم
تۆزێ تینوێتیت بشکێنە
تۆڵەی خۆت لە من بسێنە
منیش وەک تۆ لەش پڕ زامم
هەر وەک تۆ جەستە و ئەندامم
هیلاکی کاری بێ بەرە
کون کون و پڕ کەلەبەرە
وا هەردووکمان بۆ درێژی ساڵ
ڕەنج ئەدەین بۆ چاوێکی کاڵ
ساڵ دوانزە مانگ هەردا و هەرد
من شەو و ڕۆژ مەینەتی دەرد
نەک من و تۆ هەموو هەموو
بە هەزار نەوەک یەک و دوو
ئەبڕێ بۆ یەکێ، بۆ ناوێ
بۆ بتێ، هەیکەلێ، چاوێ
دواییمان هەر هەناسەی سەرد
من بێخەوی و تۆ هەروبەرد
بیهێنە جۆش لوولکی دەم
پێی بە بادەین ئازار و خەم
شوان:
هۆ کیژی جوان، هۆ کیژی جوان
ورد وەرە پێش نەرم و نیان
مەیبڕەوە حەیرانی دڵ
با سۆزی لاوک بێتە کوڵ
ژێر بەڕووبێ شوێنی گوفتار
بۆم مۆڵدە ڕانی بەرخ و کار
بێ، سەرێ کەمە سەر ڕانت
چاو بڕمە هەردوو چاوانت
دەم بخەمە سەر گوڵی گەش
تۆزێ دەرچێ هیلاکی لەش
ئەوسا تین یەتەوە گیانم
پێی ساڕێژ ئەبێ زامانم
لێی ئەدەم بە فووی دوو لێوان
هەی هاوار ئامان سەد ئامان
کیژ:
هۆ کوڕی شاخ، هۆ کوڕی شاخ
تەزووت گەیانە ئێسک و مۆخ
گەیانتە گیانی هیلاکم
گەیانتە ناو سینەی چاکم
بەڵام وا کەوتووە بیرم
ڕایوەشان تەوق و زەنجیرم
ساردی گەیانە جگەرم
قورسی خستە تەوقی سەرم
پێش بردنی هەڵاڵەی لێو
بۆ شانەی دڵی سەودای کێو
بیرکەینەوە لە بەهارێ
لە ڕۆژێ، دەرمانێ، چارێ
ڕزگارمان کا لە دەرد و خەم
ئازار نەمێنێ زۆر و کەم
بەری ڕەنجی فراوانمان
بۆ خۆمان بێت و باوانمان
پێی ساڕێژ کەین برینی لەش
تانووت بەین لە گوڵاڵەی گەش
هەڵیکێشین هەناسەی پشوو
بینێژین یادی ڕابوردوو
هەردووکیان دەست ئەکەنە یەکتری و بە هەڵپەڕکێوە ئەڵێن:
هۆ ئاسۆی سوور، هۆ ئاسۆی سوور
خۆت دەرخە لە دەمکەلی دوور
لەگەڵ ئاسۆی ئەرخەوانی
دیاری تۆ بێ کامەرانی