گورپە
لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
1 خولەک
1051 بینین
خت خت خت خت
چاوی مۆڕی مت
چاو زیتی گەڕ
وەک شمڵی شەڕ
دێی بۆ لەوەڕ
بۆ خواردنی کوترەکانم..؟!
خت خت خت خت
چاو مۆڕی مت
مەشکە دڕە
سەر هەڵبڕە
سەربان پڕە
لە پاسکەری مەلەکانم
***
ئەتەوێ نێچیر کۆتر بێ
دەستەمۆ و ماڵی و هۆگر بێ
یەکە یەکە بیانخنکێنی
پەڕ و پۆیان لە لەش دەر بێنی
دەم و سمێڵ بە خوێن ڕەنگ کەی
وەک جاران پەنای بێ دەنگ کەی
ئەمجارە کولانەم بەرزە
چەکم سەد جۆرە سەد تەرزە
تۆش بڕۆ لاواز، دان لەقی
هەر وەک پێشکەشی شەڕ و شەقی
***
خت بڕۆ بۆ قوژبن و چاڵ
بۆ خزمەت موو زەردی چاو کاڵ
ئەوەی ناردووتی بۆ مووشە
خۆی لای تۆ خراپتر تووشە
بڕۆن هەردووکتان بە جووتە
مایەتان پووچەک و پووتە