بەهار

لە کتێبی:
دیوانی محەمەد ساڵح دیلان
بەرهەمی:
محەمەد ساڵح دیلان (1927-1990)
 2 خولەک  2424 بینین
وا بەهار دیسان تارای ئەپۆشێ
گوڵاڵە پیاڵەی خوێنین ئەنۆشێ
نێرگس ئەندام شۆڕ ڕەنگی زێڕینی
وەنەوشەو کڕنووش پەڕەی چین چینی
هاژە هاژی ئاو، هاڕە شەتاوان
بریسک و هۆڕی نزار و کاوان
تریق و هۆڕی خونچەی داری باخ
خوێندنی مەلی قەڵبەز و سەر شاخ
دەنگی شمشاڵ و بەستەی دڵ فڕێن
تەنگوچەڵەمە زستان ڕاو ئەنێن..!
خونچەی درەختی ژیاوەی بەهار
شەڕیەتی لەگەڵ شەماڵی نزار
ئەو.. ئەڵێ شاباش لە گوڵاڵەی هەرد
ئەم.. ئەڵێ نەخێر بە شنەی بێگەرد
گوڵان دێنمە لەنجە و هەڵپەڕین
ئەیان هێنمە گەشەو و پێکەنین..!
بەڵێ... ئەمساڵیش ئەگریجە پەخشان
هەمدیسان بەهار خۆی ئەدا نیشان
بەڵام ئینسانی نیشتمانی... دیل
پێ بە زەنجیر و ژێر دەست و زەلیل
کۆماوەی باری گرانی دوژمن
ناوچەوان لۆچی زووخاوی بێ بن
پشت داڕزاوی قەمچی و دارکاری
ڕوومەت قۆپاوی ئاخی هەژاری
پێ لە خرتکە چووی بەردی هەردی دەرد
ڕەنگ هەڵبزڕکا و بە هەناسەی سەرد..!
ئەگەر حەیای بەهار و گوڵی
درەخت و چرۆ و گەڵا و چڵی
کە دی ئینسانی (سەرۆکی) وایە
ئەبێ خۆی دواخا و نەیەتە کایە
شەرتێ ببەستێ لەگەڵ ئیسانا
لەگەڵ تاریکی شەوی زیندانا
تا شەکەی نەیە ئاڵای ئارادێ
نەیەتە بەر گوێێ مۆسیقای شادی
نەیەتەوە قوڵ سەرچاوەی ئاوات
گەل ڕزگار نەبێ بە زەبری خەبات
ورد نەبێ کەلەبچە و زەنجیر
گۆشتە و زوون نەکا برینی جێ تیر
نەڵێ بەهاڕم نەڵێ شای فەسڵم
نەڵێ جێی ڕاوگەی ئارامی وەسڵم
نەڵێ ئیکسیری بزووتنەوەم
نەڵێ هەتاوی گەشاندنەوەم